وشیاری ڕێپورتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمەڕ مەترسی گیان لە دەستدانی گیراوانی باوەڕی بەهۆی مانگرتنەوە

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕاپۆرتە بڵاوبۆوەکان، ئاسیمە جەهانگیر، بەرپرسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە ڕاگەیێندراوێک نیگەرانی خۆی لەمەڕ باروودۆخی ئەو گیراوانەی کە بۆ ناڕەزایەتی لە بەرامبەر گواستنەوەی زۆرەملێ بۆ بەشی یەکجار ئەمنی گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج و هەڵسووکەوتی زیندانوانەکان لەگەڵیان مانیان لەخواردن گرتووە، دەربڕیوە.

ئاسیمە جەهانگیر ڕایگەیاندووە: هەواڵ و ڕاپۆرتەکان لەسەر باروودۆخی خراپی تەندرووستی گیراوانی مانگرتوو و هەروەها بەردەوامی شکەنجە و ڕەفتاری نەشیاو لە گەڵیان، لەو کاتەی گوێستراونەتەوە بۆ بەشی نوێ، منی یەجار زۆر نیگەران کردووە. لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ۵۳ گیراو کە لەو ژمارەیە ۱۵ کەسیان بەهایین، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەختە یا هۆکاری ڕاگوێستنیان، نێردراونەتە هۆڵێکی تری ناو زیندان. لەکاتی گوێستنەوەی گیراوان، ڕێگە بە هیچ کەسیان نەدراوە، کەلووپەلی تایبەتی خۆی و تەنانەت دەوا و چارەسەرەکانیشیان، لەگەڵ خۆیان بەرن.

سەرەڕای ئەوانەش هەواڵ گەلێک لەناو زیندانەوە باس لەوە دەکەن کە گیراوان مافی دەست ڕاگەیشتن بە کەلووپەلی خۆ خاوێنکردنەوە، جل و بەرگی گونجاو، پێڕاگەیشتنی پزیشکی و ئەو خواردەمەنییانەی کە بە پارەی خۆیان کڕیویانەیان، نییە. “ڕێگری کردن لە گیراوان بۆ پەیوەندی گرتن بە بنەماڵە و پارێزەرەکانیان و پێداویستی پزیشکی، بەپێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتییە”. لەدرێژەی ڕاگەیێندراوەکە دا ئاسیمە جەهانگیر داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکا و دەڵێ: دەمهەوێ لەڕێگەی گفتوگۆی ڕاستگۆیانەوە لە بابەت سکاڵا و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە گیراوان، لە ڕێز گرتنیان و پەیوەست بوونی ڕایەداران بە مافە بنەڕەتییەکانی گیراوان، دڵنیا ببمەوە و بەو شێوەیە داوادەکات دەوڵەتی ئێران ڕێگە چارەیەک بۆ باروودۆخی یەکجار نیگەرانکەری ئێستای گیراوان کە بەهۆی مانگرتنیانە لەخواردن، ببینێتەوە.

ئەو ڕاگەیێندراوە لەلایەن “دێنیس پیۆریس” بەرپرسی تایبەت بە مافی تاکەکان بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە بەرزترین ئاستی ستانداردی تەندرووستی جەستەیی و ڕەوانی و هەروەها “ئەحمەد شەهید” بەرپرسی تایبەت بە ئازادییە ئایینی و باوەڕییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاڵپشتی لێکراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــــــان