دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی دەیەی شەست لە ئەحواز

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەئەحواز وماهشەهر دوو گۆڕی بەکۆمەڵی زیندانیانی زیندانیانی سیاسی زیندانی کارونی ئەحوازی وزیندانیانی سیاسی کوژراوی زیندانی ناوا لە بەندەری ماهشەهر کەلە هاوینی ۶۷ بەفەرمانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرابوون دۆزرایەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ۳۰کەس لەزیندانیانی سیاسی کوشتوبڕکراوی زیندانی کاروونی ئەحواز بەشێوەی بەکۆمەڵ وپەرت وبڵاو لەلای چەپی درگای چوونە ژوورەوەی پادگانی دەروێش (سەربە سپای پاسداران)لەچاڵ کراون ولەدرێژەی هەواڵەکەدا هاتووە کە لەڕێژەی ئەو تەرمانەی لەم گۆڕی بەکۆمەڵەی ماهشەهر دۆزراونەتەوە زانیارییەک لەبەردەست نییە.

هەروەها لەیەکێک لەشەوانی هاوینی ۶۷ی هەتاوی گرووپێک لەزیندانیانی سیاسی زیندانی کاروونی ئەلئەحواز لەپادگانی شەهید دەروێش کەسەربە سپای پاسدارانی ئەوشارەیە،لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کەلەزیندانی ئەحواز بوون ولەسەر ئیزنی دادستانی پێشووی ئەم شارە بەناونیشانی “تیزمغز” هێنرانە پادگان وتیرباران کران.

جێگەی باسە کە لە هاوینی ساڵی۱۳٦۷ی هەتاوی بەفەرمانی خومەینی، کۆمیتەیەک دامەزرا کەدواتر بەناوی کۆمیتەی مردن ناوی دەرکرد وئەم کۆمیتەیە پێک هاتبوون لە مورتەزا ئەشرافی،ئیبراهیم ڕەئیسی ومستەفاپوورمحەممەدی کەبەڕێوەبەری ئێعدامی ۲۳هەزار زیندانی سیاسیان له ماوەیەکی کەمدا لەئەستۆ گرت.

ئەم زیندانییە سیاسیانە کەئێعدامیان بۆدیاری کرابوو پتریان گرێدراوی گرووپە چەپەکان، موجاهێدین وهاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون وجێگەی بیرهێنانەوەیە کەگەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵی دەیەی ۶۰ ،لەڕۆژهەڵاتی شاری تاران ولەشوێنێک بەناوی خاوەران هەڵکەوتووە وجێی تێڕامانە کەئیبراهیم ڕەئیسی کەبۆخۆی یەکێک لەبکەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆمیتە بوو یەکێکیش بووە لەبەربژێرەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەئەم ساڵدا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان