ژمارەیەک زیندانی سیاسی لە زیندانی کەرەج ١٩ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە

بەپێی هەوالی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،ژمارەیەک زیندانی سیاسی لە زیندانی ‘ڕەجایی-شار’ی شاری کەرەج بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ئازار و ئەشکەنجەکانی بەڕێوەبەرانی زیندانەکە و هەروەها گوازرانەوەیان لە هۆڵێکەوە بۆهۆڵێکی دیکە، ماوەی ١٩ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ناوەندی رۆژنیوز، کە بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی ناوخۆی زیندانەوە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک زیندانی سیاسی لە زیندانی ‘ڕەجایی-شار’، بۆ دەربڕدینی ناڕەزایی بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندنەکە، مانیان لە خواردن گرتووە.
لە هەواڵەکەدا هەرچەندە ڕێژەی ژمارەی زیندانییەکان ئاشکرا نەکراوە، بەلام هاتووە:”ئەو ژمارە زیندانییە سیاسییە بەهۆی ئەوەی لە هۆڵی ژمارەی ١٢ی زیندانەکەوە گوازراونەتەوە بۆ هۆڵی ژمارە ١٠ و هەروەها بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ئازارو ئەشکەنجەکانی بەڕێوەبرانی زیندانەکە، ماوەی ١٩ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە”.
ئاماژە بەوەشدراوە، کە هۆڵی ژمارەی ١٠ زیندانی ڕەجایی شار کامێرای چاودێریی زیندانیانی تێدایە و ئەو زیندانیانە ڕایانگەیاندووە، تا کاتێک نەیانگەرێننەوە بۆ هۆڵی ژمارە ١٢ کۆتایی بە مانگرتنەکەیان ناهێنن.
ڕاشگەیەندراوە، کەو بەڕێوەبەرانی زیندانەکە پاش گواستنەوەی ئەو زیندانیانە بۆ هۆڵی ژمارە ١٠، کەلوپەلە تایبەتییەکانیان و کتێبەکانیان نەداونەتێ، هەروەها پێدانی دەرمانە پێویستییەکانیان بە زیندانیانی ئەو هۆڵە قەدەغە کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان