حکومەتی تورکیا دەیان کەسی لە باکووری کوردستان دەستبەسەر کرد

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لە چوار شاری ئەدەنە، مەرسین، چەولیک لە باکووری کوردستان، هەروەها لە ئانتالیا دەیان هاوڵاتیان دەستبەسەر کردوە.

ئۆپەراسیۆنی حکومەتی تورکیا دژی باکووری کوردستان بەردەوامە، دوێنێ و ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسی تورکیا هەڵیانکوتاتە سەر ماڵی هاوڵاتیان لە چوار شاری ئەدەنە، ئانتالیا، مەرسین و چەولیک و دەیان چالاکوانیان رەوانەی گرتوخانە کردوە.

لە شاری ئەدەنە ٢٠ گەنجیان دەستگیرکراون ، سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیانە هێشتا هیچ ڕانەگەیەندراوە. لە شاری مەرسینیش دوێنێ دەیان هاوڵاتی و هاوسەرۆک و بەڕێوەبەرانی هەدەپەی شارەکە دەستگیرکراون، هاتیجە شاهین و میراز سۆیلەمەز لە بەڕێوەبەرانی هەدەپەی شارەکە لەناو دەستگیرکراواندان، کە دواترڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی مەرسین کران.ئێوارەی دوێنێش لە شاری ئانتالیا ٢٤ کەس دەستگیرکران.
هەروەها لە شاری چەولیکیش دژی ئەندامانی دەبەپە ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدراوە و چەندین کەس دەستگیرکران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان