ناوەندی کولتووری، هونەری ڤەژین ئاگری تێبەردرا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ئەوڕۆ هەینی ۲۰ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە شاری مەریوان، ئاگر لە بینای ناوەندی ڤەژین بەردرا.

ناوەندی ڤەژین، ناوەندێکی کولتووری، هونەرییە کە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی سڤیل لە شاری مەریوان بەمەبەستی گەشەپێدانی کولتوور و داب و نەریتی کوردەواری و هەروەها ڕێکخستن و بەهێزتر کردنی چالاکییە هونەرییەکان و هەڵسەنگاندن و باشکردنی کاریگەرییەکانی هونەر لەسەر تاک و کۆمەڵی کوردەواری لەو شارە دامەزراوە و ناوەندەکەی لە باخپارکی شاری مەریوانە.

ناوەندی ڤەژین کار دەکات لەسەر بەرهەم هێنانی نەوەیەکی نوێ و گرینگییەکی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان دەدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە ڤەژین کاری باشی کردووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکانێک ترسیان لێ بنیشێت. هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند کە کەسانێکی نەناسراو ئاگریان لە ناوەندەکە بەرداوە، بەڵام خەڵکی مەریوان گومانیان لە هێزە ئەمنییەکانی ئەوشارە هەیە. هەروەها پێی ڕاگەیاندین کە ئاگرەکە بە بەشداری خەڵکی شارەکە کوژاوەتەوە و خەسارێکی زۆر بە کەلووپەل و بینای ناوەندەکە گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان