پاش هێرشی ۸ی گەلاوێژی گاڕدی تایبەتی زیندانەکان، لەسەر زیندانیانی سیاسی وبیروباوەڕی بەندکراو لە هۆڵی ۱۲ی بەندی ۴ی زیندانی ڕەجایی شار وگواستنەوەی بەڕێژەی ئەم زیندانیانە بۆ هۆڵی ۱۰،هەموو ئەو ۵۳کەسەی کە گوازرابوونەوە مانگرتن لەخواردنیان ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو هەواڵەی بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شار جگە لەوەی ڕێگری لەبردنی کەلوپەل وپێداویستی تاکەکەسی ئەم زیندانیانە وەکوو کتێب، جلوبەرگ وکەرەستەی خۆراک سازکردن بۆئەو بەندەی گوازراونەتەوە دەکرێ تەنانەت لەپێدانی دەواو دەرمانی پێویست بەزیندانییە نەخۆشەکانیش ڕێگری دەکرێ.
هەروەها هاتووە کەلە گواستنەوەی سەهۆڵدان(یخچال) ،تلەفزیۆن وماددەی خۆراکی پێویستی زیندانیان بۆهۆڵی دە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕێگری دەکرێ وبەپێی کوتەی ڕێدارانی ناو زیندان بەڕێوەبەرایەتی زیندان کوتوویەتی کە زیندانیان دەتوانن لەوەی لەزیندان پێیان دەدرێ کەڵک وەربگرن وئێزنی گواستنەوەی کەلوپەلی تاکەکەسیان پێ نادرێت.
جگە لەوخاڵانەی ئاماژەمان پێدا ،بەهۆی ڕێگری لەگواستنەوەی کەرەستەکانی خاوێن کردنەوەی ئاو وهەروەها ئاوساردکەر بۆئەم هۆڵە،دەستڕاگەیشتنی زیندانیان بەئاوی گونجاو سنووردار کراوە.
لەنێوان مانگرتوان پەیمان کوش باغی ،سەعید حەیدەرپوور،حەمید بابایی وعادڵ نەعیمی بەهۆی دۆخی نالەباری جەستەیی پاش مانگرتن گوازانەوە بۆبەشی تەندرووستی زیندان.
هەروەها هاتووە کە زانیار ولوقمان مورادی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری زۆر بۆ دەستهەڵگرتن لەمانگرتنیان.
زیندانیانی مانگرتوو بەبەرپرسانی زیندانیان ڕاگەیاندووە کەتا گواستنەوەی سەرلەنوێی ئەوان بۆ هۆڵی۱۲ درێژە بەمانگرتنەکەیان دەدەن.
بەپێی زانیارە بەردەستەکان هۆڵی دەی زیندانی ڕەجایی شار ٤۰کامێرای سیستتمی و۶٤ سیستەمی بیسەری لێیە وبەرپرسانی زیندان بەمەبەستی کۆنتڕۆڵی تەواوی ووتووێژی نێوان زیندانیان پێکەوە، زۆرینەی زیندانیانیان گۆاستۆتەوە بۆئەم بەندە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


