بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٦ گەلاوێژی ۱۳۹٦ هەتاوی لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە نیزیکی گوندی “تەمەر چین”ی پیرانشار بە هۆی تەقینەوی مین گەنجێکی ۲۰ساڵان کە سەرقاڵی ئیشی کشتوکاڵ بوو لاقێکی لە دەستدا.
لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی پیرانشار شارۆمەندێکی ئەو دەڤەرە ژیانی کەوتە مەترسیەوە.
بە پێی کوتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی تەقینەوەی مین لە ۷۰٦٫۲٥۰ هەکتار لە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونی هەیە.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە سەرەڕای تێپەڕ بوونی ساڵیانێکی زۆر لە شەڕی ئێران و عێراق ، بەڵام بە هۆی پاک نەکردنەوەی ناوچە میناویەکان دیسان ژیانی هاووڵاتیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
شایانی باسە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی ڕاگرتنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و بەرگری لە چالاکی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرتای وەرزی هاوینەوە لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دیسان دەستیان داوەتە چاندنی مین و تەقەمەنی جۆراوجۆر لەو دەڤەرانەدا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان