هەزار هێکتار لە دارستانەکانی کۆساڵان لە ئاگردا سووتا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان, لە شەوی ۲٥ پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹٦ هەتاویەوە هەتا ئەمڕۆ ۲۸ی پووشپەڕ ، پاش ئاگر کەوتنەوەی چوار ڕۆژە لە دارستانەکانی کۆساڵان لە دەڤەری شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا هەزار هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەی کردوە بە پۆلوو و سووتاون . گەرچی هەندێک سەرچاوەی حکوومی ڕایانگەیاندوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە بەڵام بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە سەرچاوە خۆجییەکانەوە و هەر وەها هەواڵی ئەنجومەن سەوزی “چیا” ی مەریوان باس لە درێژەی ئاگرەکە و پەرە سەندنی دەکرێت.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو ، ئاگرکەوتنەوەکە ٤ ڕۆژ پێش لە کویستانەکانی کۆساڵان بە هۆی تۆپبارانی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە هۆی بەکار هێنانی گوللە تۆپی تایبەت بە ئاگر سازکردن ، ئەو ناوچە ئاگری تێبەردراوە .
بە پێی هەواڵی هەواڵنێری فۆڕات ، دوو مژاری گوماناوی ؛ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و بڵاوکردنەوەی نەخۆشی تایبەتی دار بەڕووەکان لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشاندا کە به دەستی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینرێت . زۆربەی دار بەڕووەکانی بە نەخۆشیەکی تایبەت و نەناسراو گیرۆدە کراون و ئەم ڕووداوگەلە زۆرتر شەڕێکی بیۆلۆژیک پیشان دەدات تا دیادەیەکی سروشتی و هیچ جۆرە دەرمانێک نەبێت بۆ ساڕێژ کردنی ئەو دار بەڕووانە و هیچ هەوڵێکی بۆ نەدرێت .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ، ئەم کارەساتە کە ژینگە و سروشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانج دەگرێت ، چەند ساڵێکە درێژەی هەیە و بیانوی کۆماری ئیسلامی ئێران پارتەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ناودێر دەکات .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان