هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر زەنجیرەیەکی مرۆڤی بۆ پشتیوانی کردن لە گۆلی ورمێ 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە چالاکانی سڤیل و ژینگەپارێز و خەڵکی ناوچەکە، بە مەبەستی پاڵپشتی کردن و ڕاکێشانی سەرنجی بەرپرسان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومی و ناحکوومی، نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر باروودۆخی گۆلی ورمێ و هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بێ پلانی بۆ بووژاندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کارەساتە ژینگەییە، زنجیرەیەکی مرۆڤییان لە ورمێ ڕێکخست و ڕاگەیێندراوێکیان خوێندەوە.

زانراوە کە هێزە ئەمنییەکان لەسەر ئەو چالاکییە هێرشیان کردە سەر چالاکوانان و کەسێکیان دەستبەسەر کرد و ڕەوانەی شوێنێکی نادیاریان کردووە.
سەرچاوەکانی هەواڵ نێوی ئەو چالاکوانە دەستبەسەر کراوەیان “موحەممەد حوسێن زادە” ڕاگەیاندووە.

شایانی باسە کە گۆلی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەورەترین گۆلی ئاوی سوێری جیهانە و سەرەڕای بوونی سەرچاوەی ئاوی پێویست، لەبەر بێ پلانی و سازکردنی پردێکی پەڕینەوەی ناستاندارد و بەبێ لێکۆڵینەوە لە دەرهاویشتە نەرێنییەکانی کە شارەکانی ورمێ و تەورێز بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ۷٥%ی ئاوەکەی خۆی لەدەستداوە و مەترسی ویشک بوون و کارەساتی خوێ بارینی لێدەکرێت کە لە ئەگەری وەها ڕووداوێک، ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان