گواستنەوەی ٤زیندانی بۆ ژوورە تاکە کەسییەکان بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام لەزیندانی ورمێ

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ هەینی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی، ٤زیندانی کە بەتۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و لەبەندی۱۵ی زیندانی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام گوازرانەوە بۆژووری تاکەکەسی.
ناونیشانی ۳کەس لەم زیندانیانە کەبۆماوەی ۲بۆ۳ساڵە لەزینداندان و لەبەندی۱۵دان بەم جۆرەیە:
“ماشەڵا سەیادنەوین”
“محەممەد ڕەزا سادقی”
“تەوحید ئەمینی”
وهەروەها لەم پێوەندییەدا لەبەندیخانەی پارسیلۆنی خوڕەماوایش ڕۆژی ڕابردوو ۳زیندانی بەتۆمەتی مادە هۆشبەرەکان بەمەبەستی جێبەجێ کردنی ئێعدام گوازراونەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان.

جێگەی باسە کە پەڕلەمانی شۆرای ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی ڕاستە و پاستەکردنی حوکمی سێدارەی زیندانیانی مادە هۆشبەرەکان وکەمکردنەوەی ئێعدامەکان، سەرقاڵی لێکدانەوەی گەڵاڵەی چاکسازی یاسای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مادەهۆشبەرەکان وکەم کردنەوەی سزاکانی ئەم دیاردەیەیە(گەڵاڵەی پێبەندی ئیلەکتەرۆنیکی) بەڵام سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەم گەڵاڵەیە بە هێزی قەزایی وداواکاری ڕاوەستانی حوکمی ئێعدام، تاکۆتایی ئەم لێکدانەوانە، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ گرنگی دان بەم داواکاریانە، لە ئێعدام کردنی هاوڵاتیان بەردەوامە و ئەمە لەکاتێکدایە کەلانیکەم ۵۰۰۰ زیندانی مەحکووم بەئێعدام بەتۆمەتی پێوەندی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان لەزیندانەکانی ئێراندان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان