هاوکات لەگەڵ شەرمەزرکردنی تیرۆری دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو و بێدەنگی حکوومەتی ئوتریش(نەمسا)لەم پێوەندییەدا،یادی ئەم کەسایەتییە ناودارەی کورد پیرۆز دەکەین

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای شەرمەزار کردنی تیرۆری دوکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملوو وبێدەنگی حکوومەتی ئوتریش لەم پێوەندییەدا، یادی ئەم کەسایەتییە ناودارەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

عەبدولڕەحمانی قاسملوو کەسایەتی هەڵکەوتوو و ناسراوی سیاسی و سکرتێری حزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران،لەدایکبووی ۱ی بەفرانباری۱۳۰۹ی هەتاوی لەشاری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، “لەپەلامارێکی تیرۆریستی لەپێشدا گەڵاڵەداڕێژراو ۲۲ی پووشپەڕی۱۳۶۸لەڤیەین پێتەختی ئوتریش” لەلایەن هێزی ئەمنیەتی ــ ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کرا.

تیرۆری ئەم کەسایەتییە ناودارە سیاسییەی کورد لەکاتی دانووسان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتە ئاراوە،کەپاش جێبەجێ کردنی تیرۆری ئەم ڕێبەرەی کورد، تیرۆریستەکان لەئوتریش چوونە دەرەوە وبەبێ هیچ گرفتێک گەرانەوە بۆئێران. دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش هیچ چەشنە دەسپێشخەرییەکی بۆناساندن ومەحکووم کردنی ئەم تیرۆریستانە وکۆماری ئیسلامی ئێران بەئەنجام نەگەیاند و تا هەنووکەیش ،ئەم دۆسیەی تیرۆرە بێ ئەنجام ماوەتەوە.

بەپێی بەڵگە و دیکۆمێنتەکان، کەسانی پلەبانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکوو ڕێبەرایەتی ئەوکاتی ئێران، هاشمی ڕەفسەنجانی و مەحموود ئەحمەدی نەژاد لەگەڵاڵە داڕێژەرانی ئەم تیرۆرە بوون.ئەو تیرۆرانەی کە زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەیشی کردە قوربانی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای شەرمەزار کردنی تیرۆری ئەم ڕێبەرەی کورد، یادی بەرز وپیرۆز ڕادەگرێ و لە گەلی کوردستان وهەموو دامەزراوە وپارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەگەلی مەدەنی ومافی مرۆڤی داوا دەکات لەگەڵ بەرز وپیرۆز ڕاگرتنی یادی دوکتۆر قاسملوو، هەوڵ بۆ ناساندن ومەحکووم کردنی ڕێکخەرانی ئەم تیرۆرە دەدات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،کۆماری ئیسلامی ئێران بەتەنیا تاوانباری ئەم تیرۆرە دەوڵەتییە گەڵاڵە بۆداڕێژراوە دەزانێ وداوا لەدەوڵەتی ئۆتریش، ڕێکخراوە ودادگا نێو دەوڵەتییەکان دەکات دەسپێشخەری گونجاو و شیاو لەهەمبەر مەحکووم کردنی ئێران بەئەنجام بگەیەنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان