بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛ عەدنان ڕەشیدی ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوێنێ ۱۹ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ هەتاوی لە حاڵێکدا پاش حەوتویەک دەستبەسەری و ڕاگرتن لە گرتوخانەی ئاسایشی گشتی سلێمانی ڕەوانەی ئاسایشی پێنجوێن کرا و بڕیار بو کە دادگای بکرێت بەڵام بە هۆی تەواو بوونی کاتی دەوامی ڕۆژانەی دادگاوە ، دادگای کردنی ناوبراو دواخرا و عەدنان ڕەشیدی دژی دەستبەسەر کردنی نایاسایی خۆی مانگرتن لە خواردنی لە دوێنێ نیوەڕۆوە ڕاگەیاند .
جێگای ئاماژەیە ، عەدنان ڕەشیدی بە هۆی چالاکی مەدەنی و سیاسیەوە پێشتر لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و پاش ۸ ساڵ زیندان ، لە بەندیخانەی مەریوان بە هۆی نەخۆشیگەلێک وەک ڕۆماتیسم ، شەکرە و چڵک و عەفونەتی ڕیخۆڵە و …. توانی پشووی چارەسەری پزیشکی وەربگرێت و پاش پشوی پزیشکی ناچار ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و لە لایەن UNنەوە مافی پەنابەری لە باشووری کوردستان پێ درا .
جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی هۆکاری گرتن و ئەشکەنجە ناوبراویان ڕوون نەکردوەتەوە بەڵام بە هۆی تێکوشان و خەباتی ناوبراو لە بواری مافی مرۆڤدا کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ڕەشیدی دەستبەسەر و ئەشکەنجە کراوە و هەڕەشەی ناردنەوەی بۆ ئێرانی لە لایەن ئاسایشی سلێمانیەوە لێکراوە و ئەمە جێگای نیگەرانی و پەرۆشی بنەماڵی ناوبراو و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی لێکەوتوەتەوە کە لە ئەگەری ناردنەوەی بۆ ئێران بە واتای ڕادەستکرنی ناوبراوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران و گیانی عەدنان ڕەشیدی دەکەوێتە مەترسیەکی گەورەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان