بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەوڕۆ ۱٨ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەقەیان لە ماشێنێکی هاووڵاتیانی کورد کرد کە بەهۆیەوە کەسێک کوژراو و ۳ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بەپێی قسەکانی جێگری کار و باری کۆمەڵایەتی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران: ئەو هاووڵاتیانە شت و مەکی قەدەغەکراویان پێبووە و ئەو ڕاوەدوونان و تەقەکردنە لە گۆڕەپانی فڕۆکەخانەی کرماشان ڕوویداوە.
شایانی باسە کە لەماوەی ساڵی ڕابردوو و ئەوساڵ، ئامارەکان باس لە ڕێژەیەکی زۆری کوژران و برینداربوونی کاسپکار و کۆڵبەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی هێزە ئەمنییەکان دەکەن و سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرفراوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئەو مژارە، هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ گوێدان بە داواکاریی و گووشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەردەوام خەریکی سیاسەتی ئەمنییەتی کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


