بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ،بەربەیانی ئەمڕۆ هەینی ۱٦ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کە بە تۆمەتی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سپێنراوە بە مەبەستی جێبەجێ کردن سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکە کەسی کراون و بڕیارە بەربەیانی ڕۆژی شەممە سزاکەیان جێبەجێ بکرێت .
زانراوە کە بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی تۆمەتبارانیان ڕاگەیاندوە کە سزای بەندکراوان بەیانی (شەممە ۱۷ی پووشپەڕ) جێبەجێ دەکرێت .
سەرچاوەیەکی ئاگادار ناسنامەی ئەو چوار کەسەی بە ” میر حاج ڕەشیدی” ، “خەلیل” ، “سۆفی ” و “خێرەئەلدین ” ڕاگەیاند.
شایانی باسە کە سەرەڕای قەدەغەکردنی سزای سێدارە لە کونوانسیونە نێودەوڵەتیەکاندا بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانوگەلی جۆراوجۆرەوە سزای سێدارە بە سەر هاوڵاتیاندا دەسەپێنێت و جێبەجێی دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵانی پێشتر کۆماری ئیسلامی ئێران لە پلەی سەرەکی ڕێزبەندی جێبەجێ کردنی سزای سێدارە لە جیهاندا جێگای گرتوە و سەرەڕای مەحکوم کردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک درێژە بە جێبەجێ کردنی سزای سێدارە دەدات .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان