بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ٢٣ گوندی سەربە شارۆچکەکانی مەهسەرت، نسێبین و ئارتوکلوی سەربە مێردین لە باکووری کوردستان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا.
بەپێی هەواڵی رۆژنیوز لەم بارەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پارێزگاری تورکیا لە مێردین، ٢٣ گووندی ئەو پارێزگایەی وەک ناوچەی قەدەغەکراو بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگەیاند.
ئەو ڕاگەیەندراوەی پارێزگاری تورکیا لە ماڵپەری پارێزگاکەدا بڵاوکراوەتەوە و لەناویدا ڕاگەیەندراوە کە هەتا فەرمانی دواتر قەدەغەی هاتووچۆ لەو گووندانەدا بەردەوام دەبێت.
هاوکات جموجووەکانی سوپای تورکیا لەو ناوچانەدا زیادیان کردووە و پێدەچێت سوپای تورکیا بەنیاز بێت ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازی ئەنجام بدات کە وەکوو هەموو جارێک پێشێل کاری گەورەی دژ بە سرووشت و مافەکانی تاکی کورد لە باکووری کوردستانی لێبکەوێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان