بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو ۲۰۱۷/۰۷/۰۲ی زایینی، کچێکی تەمەن ۱۷ساڵە بەنێوی “ڕۆژین سەفەر” لەماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دۆزراوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە کوژرانی ئەو کچە کوردە بە چەقۆ و هەروەها سەربڕینی ناوبراو دەکەن.
دەوترێت کە ئەو کچە بە تەنیا لەماڵێ بووە و کاتێک دایک و باوکی دەگەڕێنەوە، بەسەر جەستەی بێ گیان و سەری بڕدراوی کچەکەیان دادەکەون. زانراوە کە هەتا ئێستا کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستبەسەر نەکراوە و پۆلیس خەریکی بەدواداچوونی ئەو کوشتنەیە.
شایانی باسە کە بیری تووندڕەوی لە هێندێک کەس دا لە پەرەسەندن دایە و هەر ئەوەش وایکردووە کە کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات و لە بن نێوی پاراستنی ئایین و نامووس دا ژنان بکرێنە قوربانی. لە باشووری کوردستان، ژن کوشتن لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردە و ناوچەی سۆران زۆرترین ئاماری کوشتنی ژنانی تێدا تۆمارکراوە و هەتا ئێستاش دەستهەڵاتدارانی ئەو هەرێمە نەیانتوانیوە بەشێوازێکی کارناسانە هۆیەکانی ئەو تووند و تیژییانە و چارەسەرییەک بۆ ئەو بابەتە ببیننەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


