بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، دادگای تورکیا سزای ٣٦ ساڵ زیندانی بە سەر منداڵانی سووری ئامەد لە باکووری کوردستان داسەپاندو ساچمەی ناو جەستەی ئەوە منداڵانەی بە بەڵگەی تاوانی ئەو منداڵانە لەقەڵمدا.
دادگای تورکیا سزای ٣٦ ساڵ زیندانی بەسەر ١١ منداڵی خەڵکی سووری ئامەددا سەپاند، کە لە کاتی هێرش و گەمارۆی سوپای تورک بۆ سەر سوور لە ٢٦ی ١١ی ٢٠١٥ەوە بۆ ٣ی ئازاری ٢٠١٦ بەردەوامی هەبوو، گیریان کردبوو.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە دادوەری تورکیا لە یەکەم دانیشتنی دادگادا بڕیاری ئازادکردنی ئەو منداڵانەی دەرکردبوو، بەڵام پاشان داواکاری گشتی داوای دانیشتنێکی دیکەی کردبوو بۆ دادگاییکردنی ئەو منداڵانە و دووبارە دادگا بەڕێوەچووەوە.
پارێزەرانی ئەو منداڵانە دەڵێن، کە فشار خراوەتە سەر منداڵەکان و ئەشکەنجەدراون بۆ ئەوەی دان بە تۆمەتگەکلێکدا بنێن کە ئەنجامیان نەداوە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە دادگای تورکیا ساچمەکانی ناو جەستەی ئەو منداڵانەی بە بەڵگەی تاوان لە قەڵمداوە، ئەو ساچمانەی کە لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە لە جەستەی ئەو منداڵانە کەتووە و برینداری کردوون.
لە ئەنجامدا، دادگای تورک بە تۆمەتی ئەندامبوونی ڕێکخستنی قەدەغە سزای ٣٦ ساڵ و هەشت مانگ و ٢٠ رۆژ زیندانی بە سەر ئەو ١١ منداڵەدا سەپاند.
لەکاتێک دا دەبا هێزە ئەمنیەکان و سەربازانی تورکیا دەبا بەهۆیی هێرش و بریندارکردنی منداڵان تاوانبار بناسرابان و سزا بدران.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان