مین، کۆڵبەرێکی کوردی کردە قوربانی

مین، کۆڵبەرێکی کوردی کردە قوربانی

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ۱۰ی شەوی هەینی ۲٦ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، لە ناوچەی کۆماسی سەر بە شاری مەریوان، مینێکی چێندراوی شەڕی ٨ساڵەی نێوان ئێران ـ عێراق، لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردوستان ، دەتەقێتەوە و کۆڵبەرێکی کوورد بە تووندی برینداری دەکات.
ئاسۆ نیوز نێوی ئەو کۆڵبەرەی بە “نۆشیروان ڕەزایی” و خەڵکی گووندی دهلیز ڕاگەیاندووە.
دەوترێت کە نۆشیروان کە کۆڵبەرێکی کوردە لە کاتی گەڕانەوەی لەسەر سنوور تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە و لاقی بە سەختی بریندار بووە.
هەر لەو چەند ڕۆژەی ڕابردووش دا کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەنێوی سیروان عەزیزی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.
شایانی باسە کە مینە چێندراوەکان بوونەتە بەڵای گیانی خەڵکی ئەو ناوچانە و بەهۆی تەقینەوەیان ساڵانە بە دەیان کەس کەم ئەندام دەبن یان دەکوژرێن و کۆماری ئیسلامی ئێران هەتا ئێستا نە تەنیا بەرپرسیارێتی خۆی لەمەڕ هەڵگرتنەوە و پووچەڵ کردنەوەی ئەو مینانە ئەنجام نەداوە، بەڵکوو بۆ خۆشی ڕاستەوخۆ کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور دەکاتە ئامانجی لەناوبردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان