دۆزینەوەی تەرمی کچەخوێندکارێکی کورد لەسلێمانی، باشووری کوردستان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ هەینی ۲۶ی گوڵانی ۱۳۹۶ ی هەتاوی تەرمی ژنە خوێندکارێکی کۆلیژی زانکۆی سلێمانی لەناوچەی دەباشانی باکووری شاری سلێمانی دۆزرایەوە کە فیشەک بەرسەری کەوتووە.

بەگوێرەی هەواڵەکە ولەزمانی نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیس شاری سلێمانی ڕایگەیاندووە کەبەپێی قسەی هاوسەرەکەی کاتژمێر چواری بەرەبەیان لەماڵ ڕۆیشتۆتە دەرەوە وپاش دیار نەمانی کەس وکاری ئاگادار کردۆتەوە، پاش گەڕان وپشکنین بەدوایدا و نەدۆزینەوەی، هاوسەرەکەی وتویەتی باسەرێک لەناوچەی دەباشانیش بدەین وهەرلەوێ بەکوژراوی لەماشێنەکەیدا دەیدۆزنەوە.
بەگوێرەی باسەکان ولێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ڕووداوەکە تەموو مژاوی دیارە .

ئەم کچە ناوی “تانیا نیازە” و تەمەنی ۲۲ ساڵە کە تازە ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە و یەکێک بووە لەچالاکانی ژنان وبەشداری کردووە لەکەمپەینی نەترسان لەبڵاو بوونەوەی وێنەکانمان لە فەیسبووک، هەروەها لەدواین پۆستی خۆیدا ئاماژەی پێداوە “ئێمە کچان و ژنانی کوردستان ئیتر ناترسین، چیتر لەخەمی بردن وبڵاوبوونەوەی وێنەکانمان نین، ئێمە بڕوای تەواوەتیمان بەخۆمان هەیە و ناترسین لەو هەڕەشانەی کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێمان دەگات.”

جێگەی باسە کەلتووری پیاوسالاری وژن کوشتن لەباشووری کوردستان لەلوتکەدایە و لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە و هەتا ئاستێکە لەماوەی ۱۰ڕۆژدا ئەمە چوارەم ڕووداوی کوشتنی ژنانە لەو هەرێمە.
سەرکوت وکۆیلایەتی وفرەژنی کەهەموو سەرچاوەی پیاوسالاری وبیرتەسکییە وزۆر لایەن وڕێخراوە بوونیان هەیە کەبەناوی ئایینەوە دژبە هەر چەشنە چالاکی ودەرکەوتنی ژنانەوە دەوەستنەوە، تا ئاستێکە ماوەیەک بەرلە ئێستە بەتەمابوون ڕێگری بکەن لەشۆفێری کردنی ژنان و تەنانەت بانگەوازیشی بۆکرا، هەربۆیە ژنانی چالاک دژبەو بۆچوونە قڕێژە وەستانەوە و بەهاوشانی یەکتر لەشاری سلێمانی لەڕۆژێکدا بەماشێنەکانیان گەشتێکیان کرد بەناوشاردا وسەلماندیان کە هیچ لایەنێک ناتوانێ ئاستەنگیان بۆساز بکات، هەربۆیە ڕووبەڕووی لێدان و کوشتن دەبنەوە لەلایەن هاوژین، یان باوک وبرا و کەسوکار.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان