لە کانی دینار دارستانێکی خۆ ڕسک دەبڕنەوە پارکێکی دەسکرد دروست دەکەن

بە پێی هەواڵەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، ماوەێیکە شارەوانی شارۆچکەی کانی دینار سەربەشارستانی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستاوە بە بڕینەوەی دارستانەکانی “تەپەی بناوان ” بە نیازی دروستکردنی پارکێکی نوێ لە ۱ کیلومیتری شارۆچکەی کانی دینار .

بە پێی هەواڵەکان ئەو تەپۆڵکەیە کە مەزەندە دەکرێت ٥٥ هکتار بێت بە لۆدێر و بۆڵدزێر کەوتونەتە گیانی ئەو تەپۆڵکەیە و دایدەدڕنە خوارەوە و دار بەڕووی سەدان ساڵە دەخەن بەلا و بنچک و دەوەن هەڵدەکەنن و گوڵی  ئینجانەیی و نامۆ و ناسروشتی دەڕوێنن .

ئەوە یەکەم جار نییە لە دەڤەری مەریوان و کوردستان بە ناوی پارک و شوێنی حەوانەوەوە و هەواری گەشت و گوزار دروست کردن شوێنەوارە کۆنەکان دەشوێنن و سروشتی بێگەردی وڵات دەگۆڕن و مۆرکی مۆدێڕنی لێدەدن .

ساڵی پار لە دەستێوەردانی کێوی ئیمام لە مەریوان هەمان سناریو ئەنجام درا کە ڕووبەرێکی زۆر لەو سروشتە جوانە کرا بە جادە و ڕێگە و کورسی و کەپرۆکە  و ڕازاندوەی ناسروشتی و نامۆ .

ئەم هەوڵانەی شارەوانییەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕینی ژینگەپارێزان بێبەش نەبوە و ژینگەپارێزان مەترسییەکانی گۆڕینی سروشتییان بە بەڵگەی کارناسانەوە ئاراستەی کاربەدەستان و ڕای گشتی کردوە بەڵام هەرجارەو شارەوانییەکان پلانەکانیان بە خەسارێکی زۆرەوە بۆ سروشت و داهاتوی شار جێبەجێ دەکەن .

شایانی باسە چیاکانی زاگرۆس و کوردستان بەگشتی زۆر دار و درەختی خۆ ڕسکی تێدا دەڕوێت کە داری بەڕوو ناسراوترینە و وەک چۆن خورما بە داری نیشتمانی عەرەب دەناسرێت کوردیش بە دار بەڕووی خوێ دەنازێت و دارێکە لە شوێنە سەختەکان و لە وشکەساڵیدا زۆر خۆڕاگرە و سەوزایی دەبەخشنە سروشتی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان