٥٦کەس بە تاوانی هاودەستی لە پەلامارە تیرۆریستیەکەی ئەم دواییەی سەر شاری تاران قۆڵبەست کران

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی کوردوستان، بە پێی بڵاوکراوەی هەواڵدەریە ناوخۆییەکانی ئێران هێزەکانی پاراستن و هێمنایەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی جۆزەردانەوە هەتا ئێستە ٥٦ کەسیان بە تاوانی هاوبەش بوون لە ڕووداوە تێڕۆڕیستیەکانی شاری تاران دەسبەسەر کردووە کە زۆرینەیان هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردوستانن.

ئەوەی کە بەبەر چاوانەوە دەر ئەکەوێ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی  بە بیانووی بوونی تاقم و گڕووپە توندڕەوە ئایین سوننەکان لە کوردوستان و لەناو کورداندا جارێکیتر  هەوڵەکانی خۆی چڕتر کردۆتەوە بۆ ڕێخستنی شەپۆلێکیتر لە قۆلبەست و بەند کردنی هاووڵاتیانی کورد و بە مەبەستی بە یاسایی نواندنی ئەم هەوڵە سەرکوت گەرانە و داپڵۆسێنەرانەیە دەستی کردووە بە بانگەشەی پان و بەرین لە دژی هاووڵاتیانی سوننی مەزهەبی کورد لە ناو دام و دەزگا هەواڵدەریەکانی ناو خۆی وڵاتدا.

ئەوەی کە ئاشکرایە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە ڕوونی بە گەورەترین پاڵپشت و پەرەپێدەری تێرۆر و توند و تیژی لە ناوچە و لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانی ناسراو و دیاریکراوە، ئەم  دەسەڵاتە بە پێداگری لەسەر بنەمای بنەڕەتی بوونی سەروەری زانای ئایینی شیعە بەسەر کۆمڵگادا جێگەی بۆ هیچ چەشنە ئازادیەکی بیر و ڕا دەربڕین بۆ هیچ تاکێک نەهێشتۆتەوە و پۆل پۆل ڕێبوارانی ئایینە جیاوازەکانی بەدەر لە شیعە ئەخاتە ناو بەندیخانەکان و دەنگیان کپ ئەکات، کە ئەمە خۆی هۆکاری سەرەکیە بۆ پەرەپێدان بە توند و تیژی و توندڕەوی ئائێنی لەناو کۆمەڵانی باوەڕمەند بە ئایینی سوننە کە بڕوای بە سەروەری زانای ئایینی(ولایت فقیه) نییە و ناچنە ژێری.

شایانی باسە کە پێشێلکاری مافەکانی تاکەکەسی و گشتی هاووڵاتیان، بێکاری و نەداری، بەرگری لە هەموو چەشنە هەڵسووڕانێکی سیاسی و مەدەنی و ڕوونکەرەوانە لە لایەن دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران رێی لە هەر چەشنە هەوڵێکی ئاشتیانەی تەنانەت مەدەنیش لە تاک و کۆمەڵگا داخستووە، دیارە لە وەها هەل و مەرجێکدا بۆی هەیە جەماوەرێکبە هۆی نزم بوونی ئاستی تێگەیشتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە ڕوو لەدەستە و گرووپ و تاقمە توندڕەوە ئایینیەکان بکەن و ببن بە گۆپاڵی دەستیان.

ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی کوردوستان کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکار و بەرپرسی سەرەکی پەرەپێدان بە توندڕەوی ئایینی و توند و تیژی و پاوانخوازی لە ناو ناوچەکە و لە سەر ئاستی جیهانی ئەناسین و بەند کردنی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان بە تاوانی جۆراوجۆر لەچەشنی توندڕەوی ئیسلامی سوننی وەک بیانو و پاساوێک ئەبینین بو سەرکوت و کپ کردنی هەرچی زیاتری دەنگی ئازادیخوازی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان.

 

کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی کوردوستان