بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە زیندانی” بیرجەند سەربە پارێزگای خوراسان ” بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، موحەمەد ئەمین عەبدوڵاهی زیندانی سیاسی کورد کە زیاتر لە ۱۰ ساڵە سزای داسەپاو بەسەریدا دەکێشێ ، چاوەکانی سۆمای کەم بوە و پێویستی بەچارەسەری هەیە ، هەرچەن ناوبراو گورچیلەکانیشی توشی هەوکردن و ئازار بوە و لە درێژەی ئەم دەساڵەدا سەرڕای داخوازی زۆر بۆ چارەسەری بەڵام بەرپرسانی زیندان داخوازییەکەیان لە بەر چاو نەگرتوە و ئێستا سۆمای چاوەکانیشی بەتەواوەتی کەم بووە لە کوێر بوونەوە یەکجارەکییەوە نزیکە و بەرپرسانیش ئیزنی مەرەخسی پێدان بۆ چارەسەری پێنادەن .
عەبدوڵاهی ماوەێیک لە زیندانی بیرجەندا دەخرێتە قەرەنتینەوە و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ۷ کە تایبەتە بە زیندانیانی بەساڵا چوو و نەخۆش کە ئەو بەندە هیچ یەک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان و تەندروستییەکانی تێدا نییە و لە کۆی گشتیدا زیندانی بیرجەند تایبەتمەندی زیدانی سیاسی نیە و ئەوە لە گەڵ یاسای جیاکردنەوە زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵامەڵایەتی یەکناگرنەوە .
شایانی باسە موحەمەد ئەمین عەبدوڵاهی هاووڵاتی شارستانی بۆکان لە پاییزی ۱۳٨٤دا لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و لە دوای ۱٥ مانگ چاوەڕوانی و ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ئیتلاعاتدا ، دادگای مهاباد سزای ۱٨ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی دژایەتی لە گەڵ خودا و پەیوەندی حیزبی کوردی بۆ بڕیەوە و ئێستاش سەر ڕای ئەوە ۲ لە سەر سێ سزاکەی تێپەڕاندوە بە پێی یاسا دەتوانێ لە ئازادی مەشروت کەڵک وەرگرێت ، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئەو داوەیەشی جێبەجێ ناکەن .
موحەمەد ئەمین عەبدوڵاهی خێزاندارە و خاوەن منداڵێکە و بەهۆی دووری ڕێگای بۆکان بیرجەندەوە توانای چاوپێکەوتنی بنەماڵەی بەندکراو زۆر ئەستەمە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


