بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، مولتەم ئوکتای هەواڵنێری هەواڵگری دجلە ، کە سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاتوچوو لە ماردین ڕاپۆرتێکی چێ کردبوو ، لە لایەن پۆلیسی تورکییەوە لە باکوری کوردستان دەستبەسەرکرا .
بە پێی هەواڵ ، ناوبراو (مولتەم ئوکتای )کاتێک لە ڕۆژی ۱٤مارس ۲۰۱۷ ــ ۲۳ ی ڕەشەمە ۹٥ ی هەتاوی ــ لە سەر یاسای قەدەغەکردنی هاتوچوو لە شاری نوسەیەبیین لە پارێزگای ماردیندا لە باکوری کوردستان ڕاپۆرتێکی ئامادە کردبوو دستبەسەرکرا. هەرچەن جارێکیتریش بەتاوانی هەناردەکردنی ڕاپۆرتێکەوە کاتی ئازاد کرابوو . دادگای تورکییە سزای ۲ ساڵ و چوارمانگی بۆ ئەو هەواڵنێرە دەرکردوە و هەناردەی زیندان کراوە.
پێویستە وەبیری بێنینەوە کە حکومەتەکەی ئوردغان ڕەوتی سەرکوتی ڕاگەیاندنەکان ، داخستن و فلێتێری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و توییتری لە تورکییە بەتوندی پەرە پێداوە و هەواڵنێرانی تۆڕەهەواڵگرییەکان لە ترسی ئەشکەنجەو لە دەست دانی کارەکانیان توشی خۆسانسۆرکردن بوون .هەواڵنێرانی بێ سنوور و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە ئازادی قەڵەم و ڕادەربڕین دەڵێن :حکومەتی تورکییە لە دوای کودتاشکست خواردوەکەی هاوینی ڕابردوو تێدەکۆشێ ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بخاتە کۆنترۆڵی خۆیەوە و بە کردنەوەی لاپەڕەی ساختە و چروک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تویتردا بە باڵای سیاسەتەکانی ئوردوغاندا هەڵدەن و کەشو هەوای تایبەت بخوڵقێنن . تورکییە بە هەبوونی ۱٥۱ ڕۆژنامەوانی زیندانییەوە گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەوانان و سەرکوتگەری ئازادی قەڵەم و ڕادەربڕینە و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ لەو وڵاتەدا تاوان دێتەئەژمار .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان