مانگرتنی شۆفیرانی تەکسی پیرانشار وکێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشک(مرغداران)ی سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی خاکەلێوەی ۱۳۹۶ی هەتاوی،شۆفیرانی تەکسی پیرانشار لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرانبەر قایمقامییەتی ئەم شارە گردبوونەوە ودژ بە بەڕێوەبەرایەتی بەرپرسان بەرانبەر بەکێشەو گرفتەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕازیان ڕایان گەیاند کەبە سەرمایەی ۳۰بۆ۵۰ملوێن تمەنی وهەروەها بوونی کەسێک وەکوو شۆفیر ناتوانن داهات دەستەبەر بکەن ولەم ناوبەرە ماف وداهاتیان بەفیرۆ چووە.

هەرلەم پێوەندییەدا ولەشاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان،خاوەن کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشک لەم پارێزگایە لەبەرانبەر پارێزگای ئەم شارەدا گربوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد وخوازیاری پێڕاگەیشتنی بەرپرسان بوون.

جێگەی باسە کەبەدەیان جار لەساڵانی ڕابردوو ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وهەروەها کۆمەڵگای پیشەیی  بەرانبەر بەدۆخی کار وبژێوی ژیان وهەروەها ئەو هەلومەرجە بەرتەسک ونالەبارە ، ڕاگەیەندراوە ،بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ چەشنە دەسپێشخەرییەکی لەم بارەوە بەئەنجام نەگەیاندووە وبەردەوام خەریکی پەردەپۆش کردنی کارەساتەکان وسەرکوتی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانە لەم ناوچە کوردنشینە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان