ئایەتوڵا جەنەتی خوازیارە  ڕەدی سەلاحیەتی کەمینە ئاینییەکان بۆ شورای شار و گوندەکان بکرێت

بە پێی هەواڵێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە و بە پێی هەواڵنێری ئیلنا ، جەنەتی سکرتێری شورای نگەهبان لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ، خوزیاری ڕەدی سەلاحییەتی کەسانێکە کە ئاینی جیاواز لە ئیسلامیان هەیە و وەک کەمینە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا ناسراون و خۆیان بۆ شورای شار و گوندەکان ناوزەد کردوە .

ئەمە جگە لەوەی کە شورای نگەهبان دوایین وێستگەی فیلتێرکردنی کاندیداتورەکانە و کەسی ناوزەدکراو دەبێت فەرماندارییەکان و بەخشدارییەکان  ئەوکەسانە   وەک پاڵێوراو هەناردەی شورای نگەهبانی بکەن. ئەم ڕاگەیەندراوەی  ئایەتوڵا جەنەتی ئەوەندەی تر مەیدانی هەڵبژاردەکان تەنگتر دەکاتەوە وەک لە ناوەکەیدا دیارە شوراکان دەبێت ئیسلامی بن .

ئەوەی جێگای باس و سەرنجە لە یاسای کۆماری ئیسلامی ئێراندا ، ئاینەکانی یەهودی و فەلە (مەسێحی ) و زەدەشتی بە فەرمی ناسراون و لە مەجلسی شورای ئیسلامیدا نوێنەریان هەیە ، بەڵام ئەم بڕیارەی جەنەتی نەک لە ڕووی یاساییەوەیە بەڵکو بەپێی وتەی  خومەینی کە گوتویەتی لە شوێنێکدا کە زۆرینە موسڵمان بن بەڕێوەبەر و شوراکان نابێت لە ئاینێکیتر بێت چونکە ئەوە لەگەڵ شەرعی ئیسلامیدا یەکناگرنەوە .

ئەمە لە هەلو مەرجێکدایە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پەیرەوانی ئاینی یارسان و ئاشوری و زەردەشتی  لە ورمێ و کرماشان ڕێژەێیکی بەرچاوون و هەڵاوردنەکانی ئەم کەمینەئاینیانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە یەک  و دووان نین .

لە بڵاوکراوەکەی شورای نگهەباندا کە بە واژۆی ئایەتوڵا جەنەتییەوە بڵاو بۆتوە و بەدەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە دەڵێت :

لە جێبەجێکردنی بەشی  چوارەمی قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و بە پێی مادە ۱۹ و ۲۱ ی پەیڕەوی ناوخۆی شورای نگەهبان ، بیروبۆچونی فەقێکانی شورا ، بەپێی تەبسەرەی ۱ لە مادەی ۲٦ ی یاسای ڕێکخراوەکان ، ئەرکی هەڵبژاردنەکانی شورای ئیسلامی وڵات و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ، ئەرێنی کراو لە ۱۳٥۷ کە لە کۆبونەوەی ۲۳/۱/۱۳۹٦ لەو پێوەندییەدا قسەوباسکرا ،بۆ وەبیرهێنانەوە بە ناوەندە بڕیاردەرەکان پێشکەش دەکرێت :

بە پێی زانیارییەکان لە هەندێک شوێنی وڵاتدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسوڵمانن و لەو ناوچانەدا هەندێ کەسی ناموسەڵمان خۆیانناوزەد کردوە بۆ ئەندام بوون لە شورای شار وگوندەکاندا ، هەرچەن مەرجی بەشداری و ئەندام بوون لە شوراکاندا بە پێی یاسای تەبسەرەی ۱ ی مادەی ۲٦ ی یاسای ڕێکخراوەکان  بەس هاووڵاتی بوونی  ئێرانی بوونی بەس بوو ، بەڵام ئەم یاسایە لە گەڵ وتەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی حەزرەتی ئیمام خومەینی ” درودی خودای لێبێت ” لە بڕواری ۱۲/۷/۱۳٥٨ کە لە کتێبی سەحیفەی نوردا (کتێبی ٦ ، چاپ ۱۳۷۱ لاپەڕەی ۳۱ )نوسراوە و باسکراوە کە ئەمەش کە لە شوێنێکدا موسڵمان زۆرینە بن و ناموسڵمانێک بڕیاردەر و شورا بێت ، دژایەتی هەیە لە گەڵ پێوانەکانی شەرعدا  و بەوە ش چاوی لێدەکرێت.

پێویستە ئەوەش بگوترێت کە بە پێی قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ سونە مەزەوێک و مافی ئەوەی نییە ببێتە سەرۆک کۆماری ئێران و تەنانەت ناتوانن ببن بە پارێزگارێکیش  یان پلەو پایەی بەرزی حکومی و ئیداری و سەربازییان هەبێت .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان