بەڕێوەچوونی دادگای پێداچوونەوە بۆ “سەعیــــد شێـــــــــرزاد”
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە پاش ماوەیەکی زۆر، دادگای پێداچوونەوەی “سەعید شێــــرزاد” زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی کرماشان، لە ڕۆژی ۲٦ی خاکەلێوە لە لقی ٥٤ی دادگا لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی هەواڵەکە، هۆی درەنگ کەوتنی دادگای پێداچوونەوەی ناوبراو، بۆ ئاگادار نەکردنەوەی وەکیلی سەعید شێرزاد و هەروەها ڕەتکردنەوەی چوونە دادگا بە بێ وەکیل لە لایەن ئەو زیندانیییە سیاسییە کوردەوە بووە، لە کاتێکدا بەرواری ۲۱ی ڕێبەندانی ۹٥ی بۆ دیاریکرابوو.
سەعید شێرزاد، ئەندامی کۆمەڵەی بەرگری لە منداڵانی کار و هەروەها چالاکێکی سیاسی کوردە کە یەکەم دادگایی کردنی ناوبراو لە ۲۱ی خەرمانانی ۹٤ی هەتاوی لە لایەن لقی ۱٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەڵەواتی”، لە دوای ۱٥مانگ لە دەستبەسەر کردنی، بەڕێوە چوو، کە لە کۆتایی دا بە تاوانی”گردبوونەوە و هاودەستی کردن لە دژی هێمنی وڵات” ماوەی ٥ساڵ حوکمدرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان