هێزى جەندرمەى تورکیا، خوێندنگەیەک لە گوندى کەرواس لە ناوچەى لیجەى ئامەدی وێران کرد

هێزى جەندرمەى تورکیا، خوێندنگەیەک لە گوندى کەرواس لە ناوچەى لیجەى ئامەدی وێران کرد

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بەسەرچاوەگرتنی ئاژانسى هەواڵى میدیایى دیجلە، هێزە سەربازیەکانی تورکیا ١٣ى نیسانی ٢٠١٧ لە گوندی کەرواس لە ناوچەى لیجەى ئامەد بە حەفارە چوونەتە سەر خوێندنگەى ئەو گوندە و ڕووخاندویانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو خوێندنگەیە بینایەکى چوار نهۆمى بووە و لە ساڵى ٢٠١٤دا لەلایەن ڕێکخراوى کوردى – دەرەوە، بۆ خوێندن بە زمانى کوردى دروستکرابوو.

ڕووخاندنى ئەو خوێندنگەیە لەدواى ئەوە بووە، کە پارێزگارى حکومەتى تورکیا لە پارێزگاى ئامەد، بڕیارى قەدەغەى هاتووچۆى لە ١٤ گوندى پارێزگاى ئامەد بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى سەربازیى سوپاى حکومەتەکەى ڕاگەیاندبوو. دوابەدواى ئەوەش هێزەکانى جەندرمە چوونەتە گوندى کەرواس و خوێندنگەکەیان ڕووخاندووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کاتێک لە ساڵى ٢٠١٤دا خوێندنگەکە لەلایەن ڕێکخراوى کوردى دەرەوە دروستکرابوو، لەلایەن داواکارى گشتى تورکیاوە داواکرابوو خوێندنگەکە بڕوخێنرێت، بەڵام لەو کاتەدا بەهۆى ناڕەزایەتى و کاردانەوەى هاووڵاتیانەوە ڕووخاندنى خوێندنگەکە ڕاگیرابوو.

ناوەندی هەوالی NRT لە گوزارشتێک لەم بارەوت ئاماژە دەدات کە حکومەتى تورکیا ساڵى ڕابردوو چوار خوێندنگەى کوردیى لە باکوورى کوردستان داخست، کە یەکێکیان یەکەمین خوێندنگەی خوێندن بوو بە زمانى کوردى لە شارى وان بەناوى خوێندنگەى فاتمە تۆکات ڕۆژى ١٨ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ لەلایەن حکومەتى تورکیاوە داخرا. هەروەها پۆلیسى تورکیا ڕۆژی ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦ خوێندنگەى سەرەتایى فەرزاد کەمانگەر لە ناوچەى ڕێزانى ئامەد، کە بە کوردى وانەى بە خوێندکاران دەوتەوە داخست.

جگە لەوانەش حکومەتى تورکیا ڕۆژی ٣١ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ پەیمانگەى کوردى لە ئیستانبول و ئەکادیمیاى ئەحمەدى خانی لە شارى ئامەد داخست.

حکومەتى تورکیا لە بەردەوامیى داخستنى ڕێکخراوە کوردییەکان لە باکوورى کوردستان ڕۆژی ١٨ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ کۆمەڵەى لێکۆڵینەوە و پێشخستنى زمانى کوردى (کوردى – دەر)ی لە حەوت شارى باکوورى کوردستان و تورکیا داخست. پێش ئەوەش لە ڕۆژی ٢٥ى ئایاری ٢٠١٦ ئۆزان کلینجى هاوسەرۆکى ڕێکخراوى کوردی – دەریان لە شارى ئامەد دەستگیرکرد و ڕۆژى ٢٩ى ئایاری ٢٠١٦ لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتى پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە بڕیارى زیندانیکردنى بۆ دەرکرد و لە ئێستادا لە زینداندایە.

حکومەتى تورکیا جگە لە داخستن و ڕووخاندنى خوێندنگە و پەیمانگە کوردییەکان لە باکوورى کوردستان، ئاژانسى هەواڵى دیجلە، ئاژانسى هەواڵى ژن، ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم، کەناڵى ئاسمانیى ئاى ئێم سى، یەنى ئوزگور گیوندەم تیڤى، زارۆک تیڤى و بە گشتى نزیکەى ٥٠ ماڵپەڕ و ڕادیۆ و ئاژانس و تەلەفزیۆن و کەناڵى ئاسمانیى کوردەکانى باکوور و چەندین ڕێکخراو کۆمەڵەى جۆراجۆری تری کوردەکانی لە باکوورى کوردستان و تورکیا داخستووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: