بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوێکی زۆر لە پشت بەنداوی” داریـان ” هەڵکەوتوو لە نیزیک شاری پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاو دزەی کردووەتە نێو بەشی کۆنتڕۆڵ و دام و دەزگاکانی تایبەت بەو بەنداوەوە.
سەرچاوەیەک پێی ڕاگەیاندین ئەگەری داڕمانی بەنداوەکە لە گۆڕێ دایە و سپای پاسداڕان بە باشی لە مەترسییەکانی ئاگادارە و نایهەوێت زانیاری ڕاست بگەیێنێتە دەستی خەڵکی ناوچەکە.
هەروەها ئاژانسی مێهر باسی لەوە کردووە کە خەڵک ئاگادارکراونەتەوە کە لە ئامادە باشی دابن.
شایانی باسە بەنداوی داریان، بە مەبەستی گل دانەوەی بەشێکی زۆر لە ئاوی سیروان و ڕەوانەکردنی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی ئێران،لەسە ڕووباری سیروان و لەنیزیک سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لێدراوە. و جگە لە تێکدانی ژینگەی کوردستان هیچ سوودێکی بۆ گەلی دەڤەرەکە نەبوە . و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا ۱۰۰بەنداو سازکراوە یانی بەشێکیان خەریکە تەواو دەبن بەڵام سەرەڕای ئەویش گەلی کورد بە تایبەت لە وەرزی گەرمدا لە گەڵ کێشەی کەمئاوی و بێ ئاویدا ڕووبەڕوو دەبنەوە .
ئەو بەنداوە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکی زۆری چالاکانی ژینگەپارێز و هەروەها خەڵکی ناوچەکە، لە ماوەی ۷ ساڵدا درووست کراوە و لە ساڵی پارەوە ئاو لە پشتەوەی بەنداوەکە کۆ کراوەتەوە.
بەرزی بەنداوەکە دەگاتە ۱٥٥ میتر و درێژی زەریاچەکەشی نیزیک بە ۳۰ کیلۆمێترە و لە ئەگەری ڕووخانی کارەسات دەقەومێت و بە دەیان گووند دەکەونە بن ئاوەوە و هەروەها لە خوارەوەی خۆشی، ئەگەری تێکدانی بەنداوی “هێــــــرۆ” هەیە و ڕەنگە مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان لە باشووری کوردستان درووست بکات.
بێ پلانی لە درووست کردن و گەندەڵی و دزی لە کەرەستەکانی درووست کردن لە لایەن بەرپرسانەوە، ئەگەری ڕووخانی ئەو بەنداوە و بەنداوەکانی تری هاوشێوەی بەهێـــــزتر کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان