تەرمی کچێکی ۲۰ ساڵە لە زرێباری مەریوان دۆزرایەوە

تەرمی کچێکی ۲۰ ساڵە لە زرێباری مەریوان دۆزرایەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ یەکشەممە ۲۰ی خاکەلێوە، تەرمی کچێکی ۲۰ ساڵە لە نێو ئاوی زرێباری مەریوان دۆزرایەوە. سەر لەبەیانی ئەوڕۆ هاووڵاتیانی شاری مەریوان، شتێکی نامۆ لە سەر ئاوی زرێبار دەبینن و بەرپرسانی ئاگر کوژێنەوەی شارەکە ئاگادار دەکەنەوە.
هەر لەبەر ئەوە ۲ تیمی مەلەوانی ڕەوانەی شوێنەکە دەکرێن و تەرمی کچێکی ۲۰ ساڵە لە زەریاچەکە دا دەدۆزرێتەوە. تەرمەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی کوژرانی، ڕەوانەی پزیشکی دادوەری مەریوان کراوە.
شایانی باسە کە ژن لە سیستەمی سیاسی و یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها داب و نەریتی داسەپاو بەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، خاوەنی مافێکی ئەوتۆ نییە و هەموو ئازادییەکیان لێ زەوت کراوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی خۆکوژی و هەروەها زۆر جاریش ڕووبەرووی لێدان، کوشتن و دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان