تورکیا گەورەترین زیندانی بیرجیاوازان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکر(ئامەد) لەوڵاتی تورکیا “کامەران یۆکسەک” هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی ودیمۆکڕاسی (د.ب.پ)ی بەتۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێخراوەگەلی نایاسایی بە ۸ساڵ و۹مانگ زیندان مەحکووم کرد.

هەروەها ئەو دادگایە لەباکووری کوردستان دوێنێ ۲۸ی ماڕس، کۆتایی بە دۆسیەی تایبەت بە (ک.ج.ک) هێنا کە لەساڵی ۲۰۰۹ وە بەردەوامە و بەگشتی سزای ۱هەزار و ۱۰۹ ساڵ و۱۰ مانگ و ۲۲ ڕۆژ زیندانی بەسەر ۹۹ سیاسەتوانی کورد داسەپاند.

جێگەی باسە کە پێشتر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی ، تورکیایان وەکوو گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانان، بیرجیاوازان و ڕووناکبیران ناساندبوو و چەندین جاریش هەر لەسەر ئەم مژارە هۆشداریان داوە بە دەوڵەتی تورکیا و تەنانەت لەدواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ،لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ،سەرکوت و کوشت و بڕی خەڵکی کورد لە باکووری کوردستان ،ڕەخنەی تووندیان لەو وڵاتە گرتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان