“چارەنووسی چالاکانی سڤیل و کرێکاری دەستبەسەرکراو لەشارەکانی کامیاران و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نادیارە”

“چارەنووسی چالاکانی سڤیل و کرێکاری دەستبەسەرکراو لەشارەکانی کامیاران و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نادیارە”

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لەچەند حەوتووی ڕابردوودا، دوای دەستبەسەرکرانی چوارکەس لە چالاکانی سڤیل و کرێکاری کامیاران و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، زانراوە کە ۲ لەو کەسانە ڕەوانەی زیندانی سنە کراون و هەتا ئێستاش چارەنووسی ۲ کەسیتر لە ژوورەکانی ئیتتیلاعات نادیارە و ڕێگەی هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە پێنەدراوە.

 جێگای ئاماژەیە ڕۆژی ۲۳ی ڕەشەممە هێزە ئەمنییەکانیکۆماری ئیسلامی ئێران لە کامیاران “محەمەد‌ ڕەزا ئاهەنگەر” لە چالاکانی کرێکاری ئەوشارەیان دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی ئیتتلاعاتی سنەیان کردوە و لەدوای ۱۲رۆژ ڕاگرتن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی سنە کرا. ناوبراو ڕۆژی ٥ی خاکەلێوە بردراوەتە بەردەم دادگا، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی دادوەر جارێکیتر بۆ زیندان گەڕێنراوەتەوە. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا هێزە ئەمنییەکان” ڕەشید شەڕەفیان “چالاکی سڤیل و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری نەورۆزی” پاڵنگان”یان دەستبەسەر کردوە و ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە دەستبەسەری و ڕاگرتنی لە شوێنێکی نادیار کردووە و هەتا ئێستا لە هۆی دەستبەسەری و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە. لەلایەکیترەوە لەشاری کامیاران هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کامیاران وسنە لەڕۆژانی ۲٦و۲۷ی ڕەشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ۲چالاکی کرێکاری بەنێوەکانی” سەعید یوزی” و “ساڵح ئەمانی” و دەستبەسەریان کردوون. سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە “ساڵح ئەمانی” لە دوای ۱۲ڕۆژ ڕاگرتن ڕەوانەی زیندانی ناوەندی سنە کراوە بەڵام لەگەڵ هەموو هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیدا لە بارودۆخ و هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگرتنی” سەعید یوزی” هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە. شایانی باسە گوشار، ترساندن و تۆقاندن لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا هیچ سنوورێک ناناسێت و هێزە ئەمنییەکان توانای گۆێگرتن لە هیچ جۆرە ناڕەزایەتیەکیان نیە و تەنانەت بە بەرگریکرتن لە بەڕێوەچوونی شادی و هەڵپەڕکێی خەڵکی کورد لە ڕێوڕەسمی نەتەوەیی جێژنی نەورۆزدا ، بەگرتن و ڕاوەدوونانی بەربڵاوی چالاکان، لە هەوڵی گۆشەگیر کردنی کوردان لەو بەشەی کوردستان دایە.

” کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان”