هاوسەرۆکی شارەوانی وان “بەکر کایا”، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراو-(ی تیرۆریستی)” سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
بەپێی هەواڵیک کە ناوەندی نوچەی ئێن ئێن سی رۆژ بڵاوی کردۆتەوە دادگای یەکەمی تاوانەکانی شاری وان لە دوایین دانیشتنیدا سزای پازدە ساڵ زیندانی سەپاندە سەر هەر یەکە لە “بەکر کایا”ی سەرۆکی شارەوانی وان و “جونەیت جانیش” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی دیموکراتیکی گەلان -هەدەپە.
هاوکات لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگا کە دوایین دانیشتن بوو سەبارەت بە “دۆزی کەجەکە لە وان” و لە غیابەتی گیراوانی دۆزەکە بەڕێوە چوو، دادگا سزای حەوت تا دوازدە ساڵیشی سەپاندە سەر دە کەسی تر لە ئەندامان و هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ناوچەکە.
گیراوانی ئەو دۆزە کە زۆربەیان ئەندامانی هەدەپە و هاوسەرۆکانی شار و شارۆچکەکانی پارێزگای وان ی باکووری کوردستان بوون، لە ئەنجامی (ئۆپەراسیۆنی کەجەکە ) لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٢ دەستگیر کرابوون. دواتر و هاوکات لەگەڵ بەردەوامی دانیشتنەکانی دادگا، لە ساڵی ٢٠١٣ سەرجەم گیروانی دۆزەکە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوون.
“ئەندام بوون لە کەجەکە و ڕێکخراوی-تیرۆریستی”، “چالاکی و نارەزایەتیدەربرین”، “چالاکی شادی دەربڕین”، “ڕێکخستنی چالاکی هەینی سڤیل”، “پێشوازی لە جەنازەی تیرۆریستان بە شێوەی ڕەسمی” بەشێک لەو تاوانانە بوون کە ڕووبەڕووی کایا و هاوڕێیانی کرابوونەوە.
