“هەڕەشە و گوشار لەسەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سەرچاوەیەک بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە ڕۆژی شەممە ۲٨ی ڕەشەممە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتتلاعاتی سنە، هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی دایکی “محەممەد قەوامی” کەلە گەڕەکی بولواڕی چەمران دەژی ، دوای پشکنینی ماڵەکەیان هەرەشەیان لێکردوون کە ئەگەر کوڕەکەتان دەست لە چالاکی سیاسی هەڵنەگرێ.

ئەوە ئێوە لێی بەرپرسیارن ودەبێ وەڵامدەرەوە بن.هەروەها بەدایکی محەممەدیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ کوڕەکەتان لە زووترین کاتدا خۆی بە سفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی سوییس، بناسێنێت. محەممەد قەوامی چالاکێکی سیاسی کوردە کە لە ساڵەکانی۱۳۷۷و۱۳٨۷ و هەروەها چەندین جاریش لە ساڵەکانی ۱۳۹۳و۱۳۹٤ دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە. ناوبراو لەترسی گیران و ئەشکەنجە لە ساڵی۱۳۹۵ بە ناچاری ڕووی لە هەندەران کرد و ئێستاش لە وڵاتی سوییس دەژیت.

شایانی باسە کە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانە لە ژێر هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان