کوژرانی منداڵێکی تەمەن ۱۷ ساڵ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ۱۷ی ماڕسی ۲۰۱۷ی زایینی، هێزەکانی تورکیا، منداڵێکی ۱۷ ساڵانەیان لەسەر سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت.

سەرچاوەیەک پێی ڕاگەیاندین کە منداڵێکی ۱۷ ساڵانەی کورد کە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانە و پێشتر بۆ سەردانی خزمەکانی چوبووە باکووری کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆژاوای کوردستان، لە ناوچەی سنووری «مابەیا» و لە نزیک ئاوایی «ئێکەدامی» سەربە کانتۆنی عەفرین، کەوتۆتە بەر دەستڕێژی گوللەی ئەرتەشی تورکیا و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند کە هێزەکانی تورکیا، تەرمی ئەو منداڵەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

شایانی باسە کە دەوڵەتی تورکیا، هیچ کاتێک لە کوشتنی خەڵکی کورد خۆی نەپاراستووە و زیاتر لە ۱۰۰ ساڵە گەلی کورد، قوربانی سەرەکی دەستهەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان