“هەڵەبجە، کۆمەڵکووژ کردنی گەلێک وبێ دەنگی هەموو جیهان”

“هەڵەبجە، کۆمەڵکووژ کردنی گەلێک وبێ دەنگی هەموو جیهان”

لە ۱٦ی مارسی۱۹٨٨ دا حکومەتی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسەین بە مەبەستی درێژەپێدان بە ژینۆساید و ئەنفالی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و چاو سوورکردنەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران ، لە ڕێگەی عەلی حەسەن مجیدەوە فەرمانی بە کیمیاباران کردنی هەڵەبجەی شارەزوور لە باشووری کوردستان دەرکرد و لەو هێرشە هۆڤانە و نامرۆڤانەیەدا زیاتر لە ٥ هەزار خەڵکی بێدیفاع و هاووڵاتی شاری هەڵەبجەو گوندەکانی دەوروبەری کەوتنە بەر پەلاماری فڕۆکەکانی ڕژێمی عێراق و گیانیان لە دەستداو بە هەزارانیتر بریندار بوون و بریندارەکان ئێستاش بەو دەردەوە دەناڵێن و برینەهەناوییەکانیان هێشتا ساڕێژ نەبۆتەوە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای مەحکومکردن و شەرمەزار کردنی ئەو تاوانە کە وەک تانە بەنێوچاوانی هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دیارە و وێڕای ڕەخنەکردنی حکوومەتی ئێستای عێراق و هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر کەمتەرخەمییان لەمەڕ ئەو بابەتە و نەجووڵاندنی ئەو کەیسە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، داواکارین کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە مافی مرۆڤ بۆ ناساندنی ئەو کردەوە قێزەونە بە ژینۆساید، حەول وتێکۆشانیان فراوانتر بکەن و هەروەها ئەو هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەش کە بەشێوەیەک لە شێوەکان (ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ)دەستیان هەبووە لەو تاوانە دا وهەتا ئیستاش لەدوای۲۹ ساڵ، ئامادە نین بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر گەلێکی زوڵم ڵێکراو هەڵبگرن، با یارمەتیدەربن لە بە ژینۆساید ناساندن و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی سەرەکی ئەو تاوانە دژە مرۆڤییە، بەڵکوو ببێتە هۆی ساڕێژ کردنی بەشێکی بچووک لە زامی چارەسەرنەکراوی ئەو گەلە.
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، دڵنیاین کە بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای لاهای، وایکرد کە
هاوشێوەی ئەم تاوانانە جارێکی تر لە شنگال بە شێوەیەکی دڕندانەتر سەری هەڵبداتەوە و ئەوەش گومانی گەلی کورد زیاتر دەکا لە دڵسۆز بوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و هەربۆیەش پێویستە ڕێگربن لە کۆمەڵکوژی و تواندنەوەی گەلی کورد.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان