کوژران و بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کورستان

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان: ئەمڕۆ سێ شەممە۱۷ی ڕەشەممەی ساڵی ۱۳۹٥ لە سنووری دەڤەری “ئاواجیق” سەر بە چاڵدۆڕان ، هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەقەی ڕاستوخۆ کۆڵبەرێک کورد بە ناو سەعید حەسەن‌وەش ۲۸ساڵان ،کەخاوەنی خێزان و منداڵێکە و خەڵکی گوندی “عەرب‌کندیە” دەستبەجێ کوشت و بە پێی هەواڵەکە ناوبراو هیچ جۆرە کەلوپەلێکی پێ نەبوە.

بە هەمان شێوە لە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەک‌شەممە ۱٥ی ڕەشەممە ، هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەڤەری بێتووش سەر بە شاری سەردەشت ، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان بەر گولەدا کە لە ئاکامدا گنجێکی کورد بە ناوی “بەهمەن تۆفێقی” بە گرانی بریندار بوو ، کە ناوبراو خویندکاری زانکۆی ئازاد بوە و بۆ دابین کردنی تێچوی خویندن و ژیانی ڕۆژانە ڕووی لە ئیشی پڕ لە مەترسی کۆڵبەری کردوە.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە ساڵانە دەیان کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر وەها بە هۆی هەرسی بەفر و دیارەگەلی سروشتیەوە گیانیان لە دەست دەدەن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان