قەیرانی بێ ئاوی لە ئیلام

بە پێی ڕاپۆرتگەلێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، کێشەو و گرفتی بێ ئاوی شارستانی “بەدرە” ی لە پارێزگای ئیلام گرتۆتەوە و بوە بە قەیران و کێشەی زۆر بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.
یەکێک لە هاووڵاتییان بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندوە :یەکێک لە دەیان کێشەی ژیان لەم ناوچەیەدا کەم ئاوییە، هەم لە بواری ئاوی خواردنەوە و هەمیش لە بواری کشت و کاڵ و ئاژەڵدارییەوە .
ئەو هاووڵاتییە گوتی گوندی “ئەنارەک” تۆڕی ئاوی ڕاکێشڕاو بۆ ماڵان و بە سیستمی ئەمڕۆییانەی نییە و خەڵکی لە ئاوی خزنکراوی تانکەر دەخۆنەوە پێی دەژین و بە” دێزە” و “قازانگ “ئاو گەرم دەکەن و خۆ دەشۆن و هەمباراوی گوندەکە داتەپیوە و ڕەنگی ئاوەکە لە زستاندا لێڵ و لە هاویندا ئاوەکە سەوز دەنوێنێ و بۆ خواردنەوە و کەڵک وەرگرتن نابێت .
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت ، لە شارستانی “چڕداوەڵ” دا زەوییەکشت و کاڵییەکان بوون بە دێمەڕۆ.
جوتیاران ئیزنی ئەوەیان نییە بە ئاوی ڕووبارەکان ئاودێری مەزراکانیان بکەن ، ئەمە لە هەلو مەرجێکدایە لە سەر ئەم ڕووبارانەدا چەندین بەنداو و بناوانیان هەڵکردوە بۆ ناوچەکانی تری ئێرانی دەگوێزنەوە.
شایانی باسە ، بە پێی ڕاپۆرتەکانی مێدیای حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ، ئەم گوندە لە ساڵی ۱۳٦۰ ی هەتاویدا تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بۆ ڕاکێشراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نوێژەن نەکراوەتەوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان