بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کومپانیای بەرهەمهێنانی (کشت وصنعت)ی بروجێرد ڕایگەیاند کەئەم یەکەی بەرهەمهێنانە لەماوەی ساڵانێک چالاکی وخزمەتگوزاری خۆی بە ۹۰ کرێکارەوە درێژە پێ داوە، بەڵام ئێستە بەهۆی کێشە وگرفتی ماڵی کە داوێنی گرتووین ڕێژەی هێزه کارییەکانمان بۆ ۵٤کەس کەم کردۆتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە نەبوونی سەرمایە وسامان بۆ گیان بەبەردا کردنی کۆمپانیاکە بەهەبوونی پێشینەی ۳۵ ساڵ کاروخزمەتگوزاری خستۆتە مەترسییەوە وئەم یەکەی بەرهەمهێنانە ڕۆژی ۱۲۰ تەن مادەی خۆراکی بەرهەم هێناوە، ئەوڕۆکە تەنیا ۱۵ بۆ ۲۰ تەن بەرهەم دێنێ.
ناوەندی (کشت وصنعت)ی پارێزگای لوڕستان لەساڵی ۱۳۵٤ بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ئاژەڵ دامەزرا وتابەرلە ساڵی ۱۳٦٦، هەناردەی ئەم ناوەندە بۆ ووڵاتانی دەورووبەری کەنداوی فارس جێبەجێ دەکرا وبەتەواوی ئەم تواناییانەوە، ناوەندی کشت وسەنعەتی گەورەی لوڕستان لەساڵی ۱۳۸۳ لەسەر بڕیاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی پاکتاوکردنی ژێرخانی ئابووری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وپارێزگای لوڕستان درابە بەشی ناحکوومی (خصوصی).
لەوکاتەوە تابەئێستە زۆرینەی کرێکارانی ئەم ناوەندە دەرکراون. خاوەنکارانی بەشی (خصوصی) ئەم ناوەندە نەک تەنیا هێزی کاری نوێیان دانەمەزراندووە، لەکۆتاییدا دام ودەزگا وماشێنەکان وکەرەستە وسەرمایەکانی گواستنەوە ونەگوازراوی وەکوو بەشێک لە زەوی وزار وبیناکانی ئەم ناوەندەیان فرۆشتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان