مەکینەی ئێعدام لە ورمێ و خۆڕەم‌ئاوا گیانی ٤ کەسی دیکەی گرت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ سێ‌شەممە ٥ ی ڕێبەندان ، دوو بەندکراوە بە تۆمەتی قەتڵ لە زیندانی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوو بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی خۆڕەم ئاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار لە گەڵ مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی “پارسیلۆەنی” خۆڕم‌ئاوا لە سێدارە دران.

لە هەواڵەکەدا هاتوە کەحامید حەمدۆڵاهی دانشتوی “میاندوواو “و عۆسمان قویتاسی دانشتوی بۆکان دوو بەندکراوی زیندانی ورمێ کە ڕۆژی ڕابردوو ڕەوانەی ژوورە‌ تاکە‌کەسیەکان کرابوون ،  بە تۆمەتی کۆشتن (قەتڵ)لە سێدارە دران . لە هەمان کاتدا یەعقوب میرزاپوور خەڵکی شاری “خۆی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش لێبردویی  بنەماڵەی کوژراوەکە لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

بە هەمان شێوە جەهانگیر بیرانۆەند و عادڵ بیرانوەند بە تۆمەتی پەیوەندی بە مادە سڕکەرەکان لە بەندیخانەی “پارسیلۆەن” لە شاری خۆڕم‌ئاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێعدام کران . بە پێی هەواڵەکە عادڵ بیرانوەند بە بێ بەڵگە و تەنها بە پێی وتەکانی تۆمەتباری یەکەمی مەلەفەکە لە سێدارە دراوە.

جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئۆرۆپا و ناوەندە نێو نەتەوەیەکان چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستڕاگرتنی لە جێبەجێ کردنی سزانی سێدارە کردوە . و پاڕڵمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگانی ڕابردوودا بە خێرایی بڕیاری سڕینەوەی سزایی سێدارەی تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکانی پەسند کرد.

هەر وەها نۆێنەرانی پاڕڵمانی شۆرای ئیسلامی ئێران بە نۆسین و ناردنی نامەیەک بۆ بەرپرسی گشتی سیستەمی داد(ریئس قوە قضائیه) داخوازی دەستڕاگردتن لە جێبەجێ کردنی سزای سێدارە ٥۰۰۰ بەندکراوی تۆمەتبار بە مادە هۆشبەرەکانەوە بوون ، تا یەک لای‌بونەوەی بڕیاری یاسایی نوێی پاڕڵمان لە مەڕ پرسی مادە هۆشبەرەکان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان