لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان ٤ ئەسپی کۆڵبەران دەکوژرێت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەتای شەوی دووشەممە ۲ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ هەتاوی لە نیزیکی گوندی بسام سەر بە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۲٥ کەس لە کۆڵبەران دەکەونە بۆسییەی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران .

لە هەواڵەکەدا هاتوە کە هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دەڤەرەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ ٤ ئەسپی کۆڵبەران دەکەنە ئامانج و چەند کەسێک لە کۆڵبەرانیش بریندار دەکەن و هەر وەها کۆڵبەران ناچار بە هەڵهاتن دەبن و بار و ماڵی کۆلبەرانیش لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بە سەردا دەگیرێت.

یەک لە کۆڵبەران بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند؛  پاش ئەوی کە کۆڵبەران هەڵدێن و خۆیان دەشارنەوە لە لایەن هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست بە سەر بارەکانیاندا دەگیرێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ۲٥ بەفرانباری ئەمساڵ ، ٦ کۆڵبەر لە ناووچەی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەونە گەمارۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدەدات و ۳ کۆڵبەر بە هۆی داکەوتن لە شاخەوە بە گرانی بریندا و دەکەونە حاڵتی کۆماوە(نیوەگیان) و دوو کۆڵبەری دیکەیش دەستبەسەر دەکرێن.

 

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان