هاجەر پیری لەپێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لەخواردنیدایە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هاجەر پیری زیندانی سیاسی کورد لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لەخواردنی دا بەسەر دەبات.

بەگوێرەی هەواڵەکە هاجەر پیری لەناڕەزایی بەرانبەر بە دۆخی نالەباری زیندان، دۆخی نەگونجاوی جەستەیی وڕاگواستنی بۆ بەندی زیندانیانی سزا وتاوانە کۆمەڵایەتییەکان بە هەناردنی نامەیەک بۆدادستانی وبەرپرسانی زیندانی تەورێز ڕایگەیاند کەلەڕۆژی سێشەممۆوە واتە ۱٤ی بەفرانبار دەست دەداتە مانگرتن لەخواردن.

هاجەرپیری ۳۳ساڵ تەمەن خەڵکی شاری نەغەدە سەربە پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان گوڵانی ۱۳۸٦ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری نەغەدە دەسبەسەرکراو بۆماوەی ۷مانگ لەگرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەورمێ ونەغەدە کەوتە بەر لێپرسینەوە وئەشکەنجەی گران.ناوبراو لەڕەزبەری ساڵی ۱۳۸٦لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەورمێ بەتۆمەتی ئەندامبوون لەیەکێک لەحیزبە کوردییەکان وهەوڵدان بۆتێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی بە ۱۷ساڵ زیندان وگواستنەوەی بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کرا.

جێگەی باسەکە سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممۆ ۶ی بەفرانباری ئەمساڵ هاجەر پیری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەزیندانی کرمانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی تەورێز.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: