بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سوهیلا مینایی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی کرمان پاش ٦ڕۆژ ، لە سەر داواکاری دایکی کۆتایی بە مانگرتنی هێنا.
سوهیلا ۲۷ساڵان خەڵکی دیواندەرە لە ڕۆژی ۱۱ بەفرانبار ڕایگەیاند بوو کە بە دژایەتی لە هەمبەر لێدان و ئەشکەنجە و بێ ڕێزی و سووکایەتی لە لایەن هێزەکانی زیندانی کرمان لە خواردن ماندەگرێت.
سوهیلا مینایی لە ڕۆژی ۱۹ی گەلاوێژ ساڵی ۱۳۹٤ لە کۆتایی شەودا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیواندەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا .
باوکی سوهیلا لە شێوەی دەستبەسەری ڕۆڵەکەی دەڵێت: سوهیلا لە ماڵی خۆشکم بوو ، هێزەکانی ئیتلاعەت بە زۆر ناچارمیان کرد کە تەلەفون بکەم بۆ ئەوی سوهیلا بێتەوە ، لە پێش درگەی ماڵدا سوهیلایان قۆڵبەست کرد و پاشان ڕۆژێک تەلەفوونیان بۆ من کرد و گوتیان کچەکەت لە لای ئێمەیە ، و گوتیان بچمە ئیتلاعات ، ڕۆشتم بەڵام ئیزنی چاووپێکەوتنی کچەکەم پێ نەدرا.
ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیواندەرە پاش ٥۰ ڕۆژ ئەشکەنجە و ڕاگرتن لە ژوورە تاکە کسیەکاندا و پاش ٤ مانگ لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیواندەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بە تۆمەتی پەیوەندی لە گەڵ یەک لە پارتە کوردستانیەکاندا بە ۳ ساڵ زیندان و دوور خستنەوەسزا درا و ناوبراویان ڕەوانەی بەندیخانەی کرمان کرد .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان