بەردەوامیی دەستبەسەرکردنەکان و نادیاریی چارەنووسی هاوڵاتییان

ک.م.م.ک:
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاوڵاتییانی کورد و بەردەوامیی بێسەروشوێنبوونیان، ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، سێ هاوڵاتی بە ناوی حەسەن مورادیان (خەڵکی ئاودانان)، ئەبوولفەزل ڕەشیدی (خەڵکی دەرەشار) و سامان شێخی (مێرمنداڵێکی تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی ئیلام)، بەبێ نواندنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
هەروەها ڕۆژێک پێشتر، یەکشەممە ۲٦ی ڕێبەندان، هاوڵاتییەک بە ناوی عیرفان خوسرەو ئابادی، خەڵکی شائاباد، لە سەر ڕێگەی نێوان ئەو شارە و کرماشان، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کراوە.
جگە لەمانە، فاروق نەدیمی، گەنجێکی تەمەن ۲۷ ساڵی خەڵکی کامێران، کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ۱٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر کراوە، تا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی بێئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە دیاکۆ ئیبراهیمی، هاوڵاتییەکی تەمەن ۲۹ ساڵی کوردی خەڵکی شاری شیروان، کە لە ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر کراوە، تا ئێستاش لە دۆخێکی ناڕووندایە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *