بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، یەک کەس لەدەڤەرەکانی دێولان دەستیان دایە خۆکوژی.
بەگوێرەی هەواڵەکە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممۆ ۹ی بەفرانباری ئەوساڵ کەهێشتا خەڵک لەخەودابوون کەسێک بەناوی “عەباس.ع” لەگوندێکی بچووک لە ۲۰کیلۆمەتری دێولان بەناوی (بەکراوا) لەڕێی خۆهەڵوایسنەوە خۆی کوشت.
جێگەی باسە کە خۆکوژی وەک شەڕێکی تاک لەگەڵ خۆی وکۆمەڵگا وڕووداوەکان پەرژاوەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وهەموو جومگەکانی تەنیوەتەوە،شەڕێ کە زۆر سیستەمانە وڕێک وپێک وپلان بۆداڕێژراو ،کەهەموو بەستێنەکانی لەپێشدا بۆئامادەکراوە وتەنیا بچوکترین ئەرکی واتە دەست لەپەلە پیتکە کێشانی کەسێکی کوێر کە چەکێکی ئامادە کراوی دراوە بەدەستەوە وتەنانەت نازانێ بەرەو کێ وکوێ دەیهاوێ ،واتە هیچ بیر وبڕیار ولۆژیکێکی لەگەڵ دانییە وبەردەوام ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ قوربانی دەگرێ وهیچ کەس ولایەنێکیش لەبەرانبەری نەبەرپرسیارە ونەبەرپرسیاریەتی لەئەستۆ دەگرێ ونە کارو ڕۆشنگەری بۆدەکرێ .
تاۆی کۆمەڵگا بەچەشنێک لە کۆمەڵگا وبنەماڵە وویست وحەز وخولیاکانی دابڕاوە کەدەتوانێ پشت لەهەموو ئەو شتانە بکات وکۆتایی بەژیانی خۆی بێنێ،وبەمردنی ئەویش ڕێگە خۆشتر دەبێ بۆدیکەی ئەندامانی ناوکۆمەڵگا وڕەوتەکە هەروا تادێت درێژتر دەبێتەوە.
لەووڵاتێکی وەک ئێراندا وناوچەیەکی بەپیت وبەرەکەتی وەکوو کوردستان کەخاوەنی سەدان کانگای ژێر زەوی وزەوی وزاری تۆکمە وبەپیت وئاوی شیرین وکشتووکاڵ وباخداری وئاژەڵداری ،کەچی دانیشتوانەکەی لەبەرهەژاری ودەربەدەری وبێ دەرەتانی وبێکاری پەنا دەبەنە بەر خۆکوژی ،ئاخۆ ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکان ومافی مرۆییەکان چەندە توانیویانە ویان دەیان هەوێ وەک باسێکی مافی مرۆڤی بابەتەکە بوروژێنن ولەو ڕێگەیەوە بتوانن بەگوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامی چیدی ڕێگە لەداڕشتنی پلانە قڕێژەکانی لەئاست خەڵکی کورد بگرن وهەروەها وشیاری وشرۆڤەی زانستیانەی بۆبکرێ ،ولەڕێی ڕاگەیاندنەکانەوە هەموو پلانەکان دەسنیشان بکرێ وڕێگەچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە ووشیاری بەبنەماڵەکان بدرێت کەبەزانایانە بەرپەرچی ئەو خەسارە قورسە کۆمەڵایەتییە بدەنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان