ک.م.م.ک:
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چل و شەش ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە هەوڵی سڕینەوە و چەوساندنەوەی گەلی کورد بووە و تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی پێشێل کردووە و تا ئێستاش درێژە بەو چەوساندنەوە و نادادپەروەرییانە دەدات.
هاووڵاتیانی کورد لەسەر خەبات بۆ مافی سروشتی و یاسایی خۆیان، له لایەن رژێمی ئێرانەوە بەردەوام رووبەڕووی سێدارە، تیرۆر، هەڕەشه، زیندانی و ئەشکەنجە بوونەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو نادادپەروەرییانە ئاگادار بکاتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئامارێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەخەینەڕوو. جێی ئاماژەیه ئەم راپۆرتە بەهۆی ئەو ئاستەنگ و رێگرییانەی ڕێژیمی ئێران لەسەر رێگای دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دایدەنێت، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییە سیستماتیکی و ئامانجدارەکانی مافی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاشکرا دەکات. بێ گومان ئاستی نادادپەروەری و سەرکوتکردن زۆر لەوە زیاتره کە بە بێ هاوکاری هاوڵاتییان له راپۆرتێکی لەم چەشنەدا بخرێنە روو.
سەرەتا هەواڵی لە سێدارەدانی هاووڵاتیان:
لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥، سیاسەتی ئێعدامی هاوڵاتیان وەکوو پێشتر بەردەوام بووە، بە چەشنێ کە لەم مانگەدا بە تۆمەتی قیساس و مادەسڕکەرەکان ٤٠ هاووڵاتی پیاو یەک هاووڵاتی ژن له سێدارە دراون.
بانگهێشت، دەستبەسەری و زیندان :
لە مانگی یازدەی ٢٠٢٥دا وەکوو پێشتر، بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییان بەشی هەرە زۆری ئامارەکان لە خۆ دەگرێ، بەشێوەیەک کە لەم مانگە دا بە گشتی زیاتر لە ٢٧ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت یان دەستبەسەرکراون کە یەک لەوانە ژن و ٢٦ کەسیان پیاو بوون.
هەروەها لەم مانگەدا بە تۆمەتگەلی بێ بنەما بە گشتی سزای ١٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران بە سەر ٥ هاووڵاتیدا سەپێنرا.
قەتڵ و خۆکوژی:
بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێژەی خۆکوژی و کوشتنی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕوو لە هەڵکشانە، بە جۆرێک کە ٧ هاووڵاتی لە رێگای خۆکوژییەوە گیانیان لە دەست داوە کە یەک کەسیان ژن و ٦ کەسیان پیاو بوون. هەروەها ٩ هاوڵاتی لە لایەن کەسانی دیکەوە کوژراون، کە ٤ لەو هاوڵاتییانە ژن بوون.
کۆڵبەر و کاسبکار : هاووڵاتییان لە کاتی کۆڵبەریدا کە وەکوو هەردەم دەکرێنە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران، لەم مانگەدا ٣ کەسیان لێ بریندار کران. هەروەها ٣ کاسبکاریش بە تەقەی هێزەکانی رژێم گیانیان لە دەست دا و کاسبکارێکی دیکەش بریندار کرا.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز دەکات کە بە ناردنی ڕاپۆرت و هەواڵ، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافە سروشتیەکانی گەلی کورد هاوکارمان بن، بۆ ئەوەی پێکەوە ببینە دەنگی نەتەوەی کورد.


