بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ لاوێن کەریمی بەندکراوی سیاسی کورد لە هەمبەر دژایەتی بەرپرسانی قەزایی بۆ پێدانی پشوو(مەرەخەسی) و نەهێشتنی چارەسەری پزیشکی لە ڕۆژی چوار شەممە ۱ی بەفرانبار مانی لە خواردن گرت.
لە هەواڵەکەدا هاتوە کە لاوێن کەریمی بە هۆی ئەشکەنجە لە ژوورەکانی ئیتلاعەتدا تووشی نەخۆشی(خونریزی) گەدە بوە و پزیشکی زیندان جەختی کردوەتەوە کە بۆ چارەسەری دەبێت ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.
لاوێن کەریمی بە هۆی دژایەتی کردنی بەرپرسانی قەزایی و بەرپرسانی زیندان لە هەمبەر پێدانی پشوو(مرخصی)بۆ چارەسەری پزشکی لە خواردن مانی گرتوە.
لاوێن کەریمی شارۆمەندی ۲٦ساڵان ، خەڵکی سەقز و خویندکاری لیسانسی مۆدیریەت کە لە ساڵانی ۹۲و۹۳ بە هۆی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراو لە کۆتاییدا لە ۲٤ ی گەلاووێژی ساڵی ۹٤دەستبەسەر و پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تومەتی هاوکاری کردنی یەک لە پارتە کوردیەکان دژ بەری ئێران بە ٥ساڵ و ٦مانگ زیندان و دوور خستنەوە بۆ هەمەدان سزا درا . پاشان ئەم سزا لە لایەن دادگای پێداچونەوە بە ۳ساڵ زیندان شکێندرا و هەنۆکە لە بەندیخانەی هەمدان بۆ تێپەڕ کردنی سزا ڕاگیراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان