ک.م.م.ک:
دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی، دوابەدوای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر ناڕازیان لە نێزیک کانگای هەڵکەوتوو لە گوندی قوڵقوڵە، پرەومەران، کەرەویان سەربە شاری سەقز، هاوڵاتییەک کوژرا و چوار کەسی دیکە بریندار کران.
بەگوێرەی هەواڵەکان، کەسی گیانبەختکردوو محەممەد ڕەشیدی ٢٢ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی پیرەومەران بووە. هەروەها چوار هاوڵاتی دیکە بەناوەکانی محەممەدئەمین ڕەشیدی، هێمن ڕەشیدی، ڕامیار ڕەشیدی و عادڵ ڕەشیدی هەموویان خەڵکی ئەو گوندەن بە قورسی بریندار کراون و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگوازراون.
ئەم کۆمەڵکوژییە لەکاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە لە ماوەی چەندد مانگی ڕابردوو، چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی ناوچەکە دەیان جار لەڕێی نیشاندانی ناڕەزایەتی، دژایەتی خۆیان بەرانبەر بە جێبەجێ کردنی پرۆژەی کانگا لەم ناوچەیە و هۆشداریان دابوو بەرانبەر بە لێکەوتە کارەساتبارەکان ژینگەیی، سەرچاوە ئاوییەکان و زەویە کشتووکاڵییەکان.
ق.ش


