بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ۲۲ سەرماوەز بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی مەراغە لە سێدارە درا.
بەندکراوی هەڵوواسراو ناسنامەی بەم شێوەییە؛ سلێمان کاکە ئەڵا نەژاد ۳۳ساڵان کوڕی هاشم خەڵکی سەقز کە ساڵی ۹۱هەتاوی دەستبەسەر و لە ڕەزبەری ۹۲ لە لایەن لقی دوو(۲)ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەراغە بە تۆمەتی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان بە ئێعدام سزا درا . هەڵوواسرانی ئەم بەند کراوە تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە لایەن ڕاگەیاندنە فەرمیەکانەوە پشت ڕاست نەکراوەتەوە.
بەڵام بە پێی گوتەی ، یەکێک لە نێزیکانی ناوبراو ، هەمو تۆمەتگەلی پەیوەندیداری دادگا دژ بە سلێمان ڕەد دەکاتەوە و دەڵێت کە مادەی هۆشبەر لە ئۆتومبێلی ناوبراودا شاراوەتەوە و سلێمان بێ ئاگا بووە لە مادەی هۆشبەر و تۆمەت گەلێک کە لێدراو.
لە هەواڵەکەدا هاتوە کە بەندکراوی دیکەی پەیوەندیدار بە ئەم فایلەوە بە ناوی یوسف بەخشودە خەڵکی دیواندەرە ڕاگوێزی ژوورە تاکە کەسیەکان کراوە و سزای ناوبراو بە هۆکارگەلێکی نادیار جێبەجێ نەکراوە.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە زۆربەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە سەر ئەو باوەڕەن ، کە هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لەبەین بردنی دژبەران و ڕخنەگرانی خۆی بە شێوز گەلی جۆراوجۆر ، تۆمەتگەلی بێ بنەما دەخاتە پاڵیان و بە بیانویی پەیوەندی بە مادە هۆشبەرەکانەوە و پەیوەندی لە گەڵ قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە سێدارەیان دەدات .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


