بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ژنێک بەناوی «نگین بیدخام» کچی سەلام لەگوندی «فەرەجی ئاوا»ی شاری کامێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکەوتی ۶ی سەرماوەز دەستی دایە خۆکوژی و خۆی سووتاند وپاش دە ڕۆژ مانەوە لەنەخۆشخانەی ئیسفەهان وبەربەرەکانێ لەگەڵ مردن شەوی سێشەممۆ ۱۶ی سەرماوەز گیانی لەدەست دا.
جێگەی باسە خۆکوژییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بەکلتوور وهەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت چینی هەستیار، وەکوو گەنجان وژنانی گرتوەتەوە وتەنیا ڕێگە بۆدەربازبوون لە دۆخی بەردەست وداسەپاو پەنابردن بەخۆکوژییە بەجێی چارەسەری.
خاڵی گرنگ لەمەدایە لەسەردەمێکدا کەئاستی زانیاری خەڵک هەڵکشاوە وهەمدیسان کاری قورس وتاقەت پڕوکێن وەکوو ساڵانی پێشوو نەماوە کەچی ڕێژەی خۆکوژی وخەمۆکی وبێ هێوایی وای کردووە خەڵک بەزاناییەوە خۆدەکوژن، واتە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەکوردستان گەیشتۆتە ئاستێک خەڵک بەجێی چارەسەری خۆدەکوژن، یانێ چارەسەرییەک نەماوە وهەموو میکانیزمەکان بەچەشنێک گەڵاڵە کراون، کە خەڵک هەموو هیوایەت وکلتوور وتەنانەت ئایین و هۆگری بەبنەماڵە وکۆمەڵگا پشت گوێ دەخەن وپەنا دەبەنە بەر ئەو کلتوورەی کە دەسڵات بەسەر کوردستاندا فەرزی کردووە.
هەروەها بەشێکی دیکەی ئاسایی بوونەوەی ئەو دیاردەیە ڕێژەی زۆری تووشبوان بە مادە هۆشبەرەکان وئەو ئێعدامانەیە والەسەر شەقام ولەپێش چاوی گشتیدا دەکرێ، مرۆڤێک کەچاوی لەکوشتنی مرۆڤێکی دیکە بکات وتوانای دەربڕینی بەرنگاری وناڕەزایی دەربڕینیشی نەبێت، بۆخۆیشی بەتاوانبار دەزانێ وتووشی کێشەی نەفسی ودەروونی و ویژدانی دەبێت وهەروەها ئەو دیاردەیەی بۆ سانا دەبێتەوە، هەموو ئەمانە بەشێوەی سیستەماتیک بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گەڵاڵە کراوە ودەکرێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان