ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگریkmmk، هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی٢٧٢٥ی کوردی، یەکێک لە براکانی زیندانی مەحکووم بە ئێعدام، حەمید حسەیننەژاد حەیدەرانلوو بۆ زیندانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ بانگهێشت کرا و لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێی ڕاگەیەنراوە کە حوکمی ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر داوای دادستێن بەشێوەی کاتی ڕاوەستێنراوە.
پاش ئەم گۆڕانە لە جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام، بەرپرسانی زیندانی ڕێژیم لە ورمێ داوایان لە بنەماڵەی حەمید حسەیننەژاد کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنیان لە بەردەم زیندان بهێنن بەڵام بنەماڵەی ئەم زیندانییە ڕایانگەیاندووە تا ئەو کاتەی نەتوانن لە ڕێی پێوەندی تێلەفوونییەوە لە سڵامەتی کوڕەکەیان دڵنیا بنە، درێژە بە مانگرتەکەیان دەدەن.
شیاوی باسە کە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕاوەستانی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەم زیندانییە سیاسییە و بەپێی پێشینەی سیستەمی قەزایی ڕێژیمی ئێران، ئەگەری بەکاتی جێبەجێکردنی حوکمی نایاسایی و دژە مرۆیی لە ئارادایە.
ق.ش